رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو دەڵێت، بریندارێکی دیکەی شەڕەتەقەکەی گەڕەکی هەولێری نوێ لە هەولێر گیانی لەدەستداوە. بەوەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە سێ کەس و چوار کەسی دیکەش بریندارن.
ئەو بریندارە ناوی هێمن کەوسەر-ە و برای شۆڕش کەوسەرە کە یەکێک بوو لە دوو کوژراوەکەی شەڕەکە. کەسی سێیەم کە کوژراوە، ناوی هادی محەممەدە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕەکی هەولێری نوێ شەڕە تەقە لەنێوان چەند کەسێک روویدا؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە لەسەر کێشەی زەویوزار بووە. پێشتر، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی گوت، دوو کوژراو و پێنج بریندار هەن.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، شەڕەتەقەکە پێش کاژێر 6:00ـی ئێوارە لە گەڕەکی هەولێری نوێ روویداوە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی کە شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی زەویوزار بووە. زەوییەکی بازرگانی لەسەر شەقامی 120 مەتری لە هەولێر و لە سنووری گەڕەکی هەولێری نوێ هۆکاری کێشەکە بووە.
شەڕەکە کۆنترۆڵ کراوە و هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هەردوو لای شەڕەکە لە شوێنی شەڕەکە بەجێماون.
پەیامنێری رووداو دەڵێت: "لەو شوێنە لەگەڵ یەکدی بوونە و قسەیان کردووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و بە کلاشینکۆف تەقەیان لەیەکدی کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ