رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە شارۆچکەی جزیری سەر بە شرناخی باکووری کوردستان بۆ یەکەمجار دەرگایەکی زانستیی بۆ بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ژەهری دووپشکی خستە سەر پشت. ئەو کاتێک بە سوود و بەهای ئەو پیشەیە دەزانێت، دەست بە کۆکردنەوە و بەخێوکردنی دووپشک دەکات.
رەزوان کوڕت، خاوەنی تاقیگەی بەرهەمهێنانی ژەهری دووپشک دەڵێت، "گرنگیدانم بە دووپشکەکان لە ساڵی 2006 دەستیپیکرد. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کەوتە بەرچاوم کە باسی لەوە دەکرد، ژەهری دووپشک، بەتایبەتیش دووپشکی شین، بۆ چارەسەری هەندێک جۆری شێرپەنجە بەکاردێت. دوای ئاشنابوون بەم زانیارییانە، زیاتر تامەزرۆ بووم."
کوڕت باس لە دەوڵەمەندیی باکووری کوردستان لە جۆرەکانی دووپشک دەکات و دەڵێت، دووپشکی رەش باشترین ژەهری هەیە.
رەزوان باسی لەوە کرد، "لە ناوچەی پیشەسازیی جزیر و لەسەر پانتایی 15 دۆنم زەوی، ناوچەیەکی داخراوی شەش هەزار و 300 مەتریمان تەرخانکرد. لەوێدا دەستمان بە بەخێوکردنی دووپشکەکان کرد."
لە تاقیگەکەدا نزیکەی 3200 دووپشک بەخێودەکرێن، زەمینەسازییان بۆ دەکرێت تاوەکو جووت ببن و زاوزێ بکەن؛ 25 رۆژ جارێکیش ژەهریان لێ وەردەگیرێت.
خاوەنی تاقیگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ژەهری دووپشک ئەوەی خستەڕوو، "لە 250 بۆ 280 دووپشک یەک سیسی ژەهری شلمان دەستدەکەوێت. کاتیک ئەو ژەهرە شلە دەکەینە تۆز، پێنجیەکی دەبێتە بەرهەم. چوار بەش لە پێنج بەشی شلەکە دەفەوتێت."
ژەهرەکانیش هەر لەوێ هەڵدەگیرێن. رەزوان کوڕت دەڵێت، "ئەو بەرهەمەی بەدەستیدەهێنین، لە پلەی ساردیی 86ی ژێر سفر دەیپارێزین. پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەوت وڵات بەردەوامە بۆ بەبازاڕکردن و فرۆشتنی ژەهری دووپشکەکانمان."
رەزوان کە ماستەری لە بەشی زیندەزانیدا خوێندووە و نامەی ماستەرەکەی لەسەر دووپشک نووسیوە، دەڵێت، "بەخێوکردنی دووپشک پیشەیەکی شیرین و پڕ لە هیوایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ