دەم پارتی داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

10-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەکات، کە بڕیاریداوە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
 
لە پەرلەمانی تورکیا مشتومڕ لەسەر بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دروست بوو.
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و جونەیت یوکسەل، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ، سەبارەت بە بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، وەڵامی یەکدیان دایەوە.
 
جونەیت یوکسەل لەبارەی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر ئازادکردنی دەمیرتاش کە چەند جارێک دەرچووە و رۆژی چوارشەممە 9-7-2025 دووپاتکرایەوە، گوتی: "دادگا، پێچەوانەی بانگەشەکەی ئێوە، بڕیاری داوە کە لەم قۆناخەدا کارکردن لەسەر رێوشوێنی تاکەکەسی گونجاو نییە".
 
 لە بەرامبەردا کۆچیغیت وەڵامی دایەوە و گوتی، "با بەڕێز یوکسەل وەڵامی ئەمە بداتەوە؛ دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دوو جار لەسەریەک دەڵێت 'ئێوە سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیتان بە شێوەیەکی ناحەق، نایاسایی و بێ پاساو و بە پاڵنەری سیاسی دەستگیر و زیندانی کردووە. کاتێک دەڵێت دەستگیرکردنەکە نایاساییە، دەبێت 10 جاری دیکەش بینووسێت".
 
دەم پارتی پێشنیازی ئەوە دەکات پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ کۆببێتەوە و بریارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاش لەمبارەیەوە بخرێنەڕوو.
 
دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، هۆکاری پێشنیازەکەی خستەڕوو و گوتی، "دۆسیەی کۆبانێ لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی هەنگاوێکە بۆ پاکتاوی سیاسەتی دیموکراسی. ئەمە رێکخستنێکی سیاسی و پلان بۆ داڕێژراوە کە بە دەمامکی دادوەرییەوە خراوەتە سەر تەختی شانۆ".
 
لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014، خەڵکی کۆبانێ لەژێر هێرشی چڕی داعشدا بوون.
 
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش بانگەوازێکی ئاراستەی رای گشتی کرد و گوتی دژی شەڕ هاوپشتییەکی ئاشتییانە نیشان بدەن.
 
ئایان گوتی، "چوار ساڵ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕی، داواکارانی گشتیی دەسەڵات ئەم بانگەوازەیان وەک بانگەوازی تووندوتیژی لە قەڵەم دا و دۆسیەیەکیان کردەوە. ئامانج؛ لە بنەڕەتدا پاکتاوکردنی بیری هەدەپە بوو. وایانزانی هەدەپە کۆتایی دێت، سیاسەتڤانانی هەدەپە بێدەنگ دەبن. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە، بیری هەدەپە هێشتا بەردەوامە، ئەویش بە ئیرادەی ملیۆنان کەس".
 
رۆژی چوارشەممە 9-7-2025 دادگەی مافی مرۆڤ بڕیاری لەسەر دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش دەرکرد و رایگەیاند، "ئەمە پیلانگێڕییە'، لەم جۆرە دەستگیرکردنانەدا هیچ گومانێکی تاوانی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. دەستگیرکردنەکە ئاستەنگی بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراسییانە دروست کردووە".
 
مەحمەد ئەمین ئەکمەن، جێگری سەرۆکی گرووپی 'ڕێگای نوێ' (یەنی یۆل) گوتی، "ئەمە گفتوگۆیە لەسەر ئەوەی کە چۆن بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیارەکانی دادگای دەستووری و تەنانەت هەندێک جار بڕیارەکانی دادگەی باڵاش دژی تۆمەتباران جێبەجێ دەکرێن".
 
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
رۆژی 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو نییە بۆ ئەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی تیرۆر سزا بدرێت و رایگەیاند، بڕیاری هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان "پاڵنەری سیاسی" لەپشتە. 
 
ئەوکات دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە 60 هەزار یۆرۆ قەرەبووی مادی و مەعنەوی دەمیرتاش بکاتەوە و خەرجییەکانی دادگەش بدات، کە 31 هەزار و 900 یۆرۆیە.
 
پێشتر لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2018دا دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.