تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی: دەستوور دوایین هەنگاوە

10-07-2025
تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەوکەت هەرکی، بەرێوەبەری نووسینگەی ئەنقەرەی تۆڕی میدیایی رووداو
تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەوکەت هەرکی، بەرێوەبەری نووسینگەی ئەنقەرەی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ''ئەوەی لە ئەستۆی بووە'' بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردوویەتی؛ ئاماژە بەوەش دەدات، کە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیادا هەبووە.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەوکەت هەرکی، بەرێوەبەری نووسینگەی ئەنقەرەی تۆڕی میدیایی رووداو، لە بارەگای ناوەندیی پارتەکەی لە ئەنقەرە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد.
 
باکرهان پێیوایە، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت؛ گوتیشی: ''ئەوان (کوردی رۆژئاوای کوردستان) دووژمنی تورک و تورکیا نین و دەیانەوێت مافەکانیان بەدەستبێنن. گەلی ئەوێ بۆ مافەکانیان شەڕی کردووە و دەیەوێت پێگەیەک بەدەستبێنێت''.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت تورکیا چانسی هەیە، کە ئۆجەلان لە نێو پرۆسەکەدایە و گوتی: " لە دنیا دا، لەکاتی بڕیاری چەکدانان دا، رێکخراوەکان پارچە پارچە بوون؛ هەندێکیان چەکیان دانا، هەندێکیان دایاننەنا، هەندێکیان بەردەوام بوون، هەندێک هاتن، هەندێک نەهاتن، ئەم جارە تورکیا شانسێکی هەیە، چونکە بەڕێز ئۆجەلان هەیە. ئیرادەی ئەو لەناو پارتەکەیدا و لەناو گەلی کورد دا، دانی پێدانراوە".
 
هەڤپەیڤین: شەوکەت هەرکی
 
رووداو: ئێمە زۆر جار یەکدی دەبینین، واتە وەک ئەوەی بڵێم، لەکاتی کۆبوونەوە و چالاکییەکانتان یەکدی دەبینین، بەڵام ئەمە یەکەم جارە هەڤپەیڤین دەکەین.
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ، ئێمە زۆر جار یەکدیمان بینیووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە هەڤپەیڤین دەکەین.
 
رووداو: دەمەوێت لە گەرمترین بابەتی رۆژەوە دەستپێبکەم. ئێوە دەزانن، شاندێک لە پارتەکەتان سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوە. دوایین پەیامی بەڕێز ئۆجەلان لەسەر بابەتی چەکدانانی پەکەکە و لەسەر ئەم پرۆسەیە چی بوو؟
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ، راستییەکەی پرۆسەیەکی زۆر گرنگ هەیە، هەموومان دەزانین پرۆسەیەکی مێژووییە. 40 ساڵە شەڕ بەردەوامە کە بۆ کورد و بۆ دەوڵەتیش زیانی گەورەی هەبووە. بەڕێز ئۆجەلان دەیەوێ شەڕ بوەستێت، چەک دابنرێت، چەک نەمێنێت و سیاسەتی دیموکراسی بێتە پێشەوە. بەڕێزیان راگەیێندراوێکی دایە پارتەکەی کە پەکەکەیە و ئەویش وەڵامی دایەوە. وەڵامی پەکەکەش زۆر مێژوویی بوو؛ گوتی: "ئێمە لەسەر داوای بەڕێز ئۆجەلان چەک دادەنێین" و ئەوەبوو کۆنگرەی خۆی بەست. ئەوان بڕیارەکانی کۆنگرەیان بڵاوکردەوە. لە 11ی ئەم مانگەشدا رێوڕەسمێک دەکرێت کە  رێوڕەسمی چەکدانانە. ئێمەش لەوێ دەبین، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەبین، ئێمەش بۆ ئەم پرسە لەوێ شایەتی رووداوەکە دەبین. لە تورکیاوە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و گەنجان دەچن. پشتیوان بە خودا، بەبێ کێشە و گرفت بەڕێوەدەچێ و تەواو دەبێت و بە سەلامەتیش (پرۆسەکە) بەردەوام دەبێت. بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت، چەک ئامرازێکی 30-40 ساڵ لەمەوبەربوو، لە سەردەمی سۆسیالیزمی ریال دا ئامرازێکی زۆر گرنگ بوو. ئێستا ئیدی رۆڵی خۆی تەواو کردووە، چونکە گەلی کورد تێکۆشانێکی گەورەی کرد، رێکخستنێکی گەورەی دروستکرد، ئیدی کورد و مافەکانیشی دانیان پێدا دەنرێت. بەڵێ، تاوەکو ئێستا رەنگە لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە هەنگاو نەنرابن، بەڵام ئیدی حکومەتیش، لایەنە نەژادپەرستەکانیش دەڵێن "گەلی کورد هەیە" و قسە لەسەر مافەکانی دەکرێت. پشتیوان بە خودا، دوای چەکدانانیش پەرلەمان رۆڵێکی گەورە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و لیژنەیەک پێکدەهێندرێت. پارتەکانی ناو پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکرێن و ئەوانیش نوێنەری خۆیان دەدەنە ئەم لیژنەیە. لەڕووی سیاسی و یاساییەوە ئیدی چی پێویست بێت، لە پەرلەمان کاری لەسەر دەکەن.
 
رووداو: سەبارەت رێوڕەسمەکە گوتتان لە 11ی مانگ بەڕێوەدەچێت. زۆر کەس دەڵێن لە سلێمانی دەکرێت و دیارە ئامادەکارییەکیش هەیە. ئەوەی من دەمەوێ بیزانم ئەوەیە، ئایا لەو رێوڕەسمەدا، جا چ بە نووسراو بێت، چ بە ڤیدیۆ، پەیامێکی بەڕێز ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە؟
 
تونجەر باکرهان: بەدڵنیاییەوە پەیامی دەبێت. بەبێ پەیامی ئەو، خۆی پەکەکەش گوتبووی ئەو کارە ناکەین. پێویستە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان هەبێت. پەیامی دەبێت، ئێمەش وامان بیستووە و وامان گوتووە. پەیامەکەش لەسەر ئەو شتانە دەبێت کە تاوەکو ئێستا گوتوویەتی. ئەو سیاسەتی دیموکراتی و رێگاکەی نیشانی پارت و دەوڵەت دەدات. ئێمەش تامەزرۆی پەیامەکەی ئەوین. ئێمەش لەکاتی رێوڕەسمی چەکدانانەکەدا پەیامەکە دەبینین.
 
رووداو: ئایا ئەگەری هەیە پەیامەکە بە ڤیدیۆ بێت؟
 
تونجەر باکرهان: ئەگەرێکی زۆرە، من دەڵێم ڤیدیۆیەک دەبێت.
 
رووداو: ئەمڕۆ شاندەکەتان، دوای ئەوەی لە ئیمراڵییەوە گەڕایەوە، لەگەڵ ئێوەش کۆبوونەوەیەکی کرد و لەگەڵ سەرۆککۆمار بەڕێز ئەردۆغانیش کۆبووەوە. لە دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماردا باس لە چ بابەتێک دەکرێت؟
 
تونجەر باکرهان: راستییەکەی دیارە کە پرسی کوردە. شاندەکەمان بەڕێز ئەردۆغان دەبینێت. پێش ئەم دیدارە چوونەتە ئیمڕاڵی و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلانیش 2 - 3 کاژێر دیداریان کردووە. ئەگەری هەیە پەیامەکەی ئۆجەلان ببەنە ئەوێ. تائێستا هەزاران کۆبوونەوەمان کردووە، رەنگە داواکارییەکانی گەلەکەمان پێبڵێن. بە تورکی پێیدەڵێن Yol Haritası" نەخشەڕێگە"، رەنگە لەسەر ئەوە هەندێک مشتومڕ بکەن. لە ئێستا بەدواوە باری گەورە دەکەوێتە سەر شانی بەڕێز ئەردۆغان، سەر شانی حکومەت و پەرلەمان. پێویستە ئەوانیش ئیتر هەندێک شتی دیاریکراو بڵێن. تاوەکو ئێستا دەیانگوت پەکەکە هەیە، چەک هەیە. دوای 11ی مانگ ئەم بابەتەی کە ئەوان بە کێشە ناویان دەبرد، ئیتر ئەویش لەناودەچێت. ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتدایە. مافە یاسایی و سیاسییەکانی کورد، مافی زمان، کێشەکانی زیندانەکان و قەییومەکان دێنە رۆژەڤەوە. واتە، مادام پەکەکە چەک دادەنێت کە بەلای ئێمەشەوە بڕیارێکی باشە، دەبێت ئیتر هەنگاوی دیموکراتیش بنرێت. خەڵک باوەڕی بەم پرۆسەیە هەیە. ئێمە لە تورکیا دەگەڕێین، میللەتی تورکیش، عەرەبیش، کوردیش، ژن و پیاو هەموویان دەڵێن ئیتر با ئاشتی هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کرداری دەسەڵات باش نەبووە، کەمێک باوەڕیان بەم بابەتە نییە. دەبێت حکومەت لە ئێستا بەدواوە متمانەی میللەت بەدەستبێنێت. بۆ ئەمەش دەبێت هەنگاوی دیموکراتی بهاوێژێت. ئێستا 300 - 400 هەزار کەس لە زیندانەکاندان. هاوسەرۆکەکانمان گیراون، پەرلەمانتارەکانمان، سەرۆک شارەوانییەکانمان گیراون. لەسەر ئیرادەی گەل قەییوم دانراون، پێویستە بۆ ئەمە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئێستا گەل دەترسێت، ناتوانێت داواکارییەکانی لەسەر سۆشیاڵ میدیا، لەسەر راگەیاندنەکان دەرببڕێت. دەبێت ئەم شتانە کۆتاییان پێبێت و چارەیەک بدۆزرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە شارەوانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن داگیر دەکەن. خەڵک پرسیارمان لێدەکات، دەڵێن، "ئاشتی هەیە، بۆچی شتی وادەبێت؟" ئێمە دەڵێین با تەنیا ئاشتیی کورد و دەسەڵات نەبێت، با ئاشتیی تورکیا بێت، کە کوردی تێدابێت، عەلەوی تێدابێت، گەنجی تێدابێت. با کێشەی کورد و تورک بێتە سەر مێز، با لیژنە و پەرلەمان کاری لەسەر بکەن. بۆ زمانی کوردی، بۆ مافی کورد. لەلایەکی دیکەشەوە داواکاری عەلەوییەکان هەن.
 
رووداو: باسی 11ی مانگتان کرد. چاوی زۆر کەسی لەسەرە، دنیاش چاودێری دەکات، میدیای دنیاش چاودێری دەکات. بەرنامەی 11ی مانگ چییە، بەپێی زانیارییەکانی ئێوە چی روودەدات؟ بۆ نموونە، چەند گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دادەنێن؟ چەکەکان دەسووتێنرێن یان رادەستی شوێنێک دەکرێن؟ لەڕووی تەکنیکییەوە زانیارییەکانتان لەسەر رێوڕەسمی 11ی مانگ چین؟
 
تونجەر باکرهان: ئێمەش زۆر وردەکاری نازانین، ئێمەش میوانین. ئێمە وەک میوان بانگهێشت کراوین. ئەگەر هەیە لە رێوڕەسمەکەدا، کەم تاوەکو زۆر نزیکەی 30 - 40 چەکداری پەکەکە چەکەکانیان دابنێن. ئەمە دەستپێکە. لە ئێستا بەدواوە، ئەگەر نیازی حکومەتیش باش بێت، وردە وردە ئەو چەکدانانە زیاد دەکات، ئیتر بە گرووپی گەورەتر چەکدارانی پەکەکە چەک دادەنێن، بەڵام بۆ ئەوەش دەبێت یاسا دەربچن. ئەوانەی چەکیان داناوە چی دەکەن، دەچنە کوێ، تاوەکو کەی لەوێ دەمێننەوە؟ هەموویان خەڵکی ئەم خاکەن و لێرەوە چوون، دایک و باوکیان لێرەن. بۆ ئەوانیش دەبێت کارێک بکرێت، بەڵام ئەمە دەستپێکە. لە ئێستا بەدواوەش من باوەڕم وایە وردە وردە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: ئێوە دەزانن، ماوەیەکی دوور و درێژە کە کاری زۆر بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا کراوە. زۆر جار کار بۆ وەستاندنی شەڕ کراوە. بەپێی ئەوەی من بزانم، لە 1993ـەوە تاوەکو ئێستا، زۆر تاقیکردنەوە کراون. ئەم جارە ناترسن کە جارێکی دیکە ئەم کەشە هەبووە تێکبچێت، یان ئەم جارە زیاتر بەهیوان؟
 
تونجەر باکرهان: بێگومان، هەموو ئەگەرێک هەیە. ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە، باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە. ئەمە سێ-چوار مانگە لەناو گەلداین. ئەم جارە باوەڕمان زیاترە. چونکە هەموومان پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینین. هەڕەشە و مەترسی هەن، لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەشدا دیموکراسی گەورەترین پارێزبەندییە. تورکیاش ئەمە باش دەزانێت. یان دەبینە وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یان دەبینە وڵاتێکی دیموکرات و کێشەکانی تورکیا چارەسەر دەکەین. باوەڕمان ئەم جارە زۆرە. چونکە دەزانین حکومەتیش پێویستیی پێیەتی، دەوڵەتیش پێویستیی پێیەتی. هەموومان ماندوو بووین. دەوڵەتیش ماندوو بووە، خێزانەکان ماندوو بوون. ئەمە چل، پەنجا ساڵە شەڕێکی بەردەوام هەیە. هەموو کەس دەیەوێت ئیتر تەواوبێت. ئەم شەڕە بۆ ئابووریی تورکیاش خراپە. ئەوانەی ناتوانن بژێویی خۆیان دابین بکەن، ئەوانیش دەیانەوێت شەڕ تەواوبێت. ئەوانیش زۆر باش دەزانن کە ئەو پارەیەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت، پارەی نان و زەیتوونی ئەوانە. پارەی ئەوان بۆ ئەم شەڕە دەڕوات. ئەم جارە نەک تەنیا باوەڕی ئێمە، هەموو کەس  متمانەی هەیە. لەم رووەوە باوەڕمان هەیە و زۆر گەورەیە. ئێمە سیاسەت ناکەین، ئێمە تەقیە ناکەین، دەمانەوێت ئەم جارە چارەسەر بێت. پروپاگەندەی تێکدەرانە نییە؟ بەڵێ، هەیە. ئێرە تورکیایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لەبەرئەوە، پێویستە زۆر وریابین. پێویستە لە زمانی خۆمان دا، لە گوتەکانی خۆمان دا، لە کردارەکانماندا زۆر وریابین. ئینشاڵڵا من باوەڕم وایە ئەم جارە سەردەکەوێت.
 
رووداو: پشتیوانییەکی تەواوی خەڵکیش هەیە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست لە ئامەد لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، کە 65 لەسەدی تورک و 81 لەسەدی کورد پشتیوانیی لەم پرۆسەیە دەکەن. ئەمە باوەڕی ئێوە زیاتر ناکات ئایا، ئێوە ئەم پشتیوانییە چۆن دەبینن؟
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ، بەڵێ، ئەمەش زۆر گرنگە. خۆی ئەگەر پشتیوانیی خەڵک نەبێت، ئەی ئێمە چی بکەین؟ حکومەتیش سەیری ئەمە دەکات. سەرەتا هەندێک دوودڵییان هەبوو، بەڵام ناوەندەکانی وەک راوەست و ناوەندەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە لەنێو خەڵک دا هەندێک لێکۆڵینەوە و راپرسییان کرد و بینیان کە گەلیش پشتیوانیی ئەم بابەتە دەکات. حکومەتیش، ئیدی ئێوە دەیبینن، هاتە سەر خەت. شتێکی باشە. شتێک کە میللەت تێیدابێت و یارمەتی بدات، سەردەکەوێت. یارمەتی و ویستی میللەت باوەڕ زیاتر دەکات، تۆ راست دەکەیت.
 
رووداو: هەڵوێستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یش دەپرسم. خەڵک، کورد و هەروەها تورک، ئەوەندە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکەن، بەڵام ئایا جەهەپە وەک ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی ئەم پشتیوانییەی خەڵک دەبینێت، ئێوە هەڵوێستی جەهەپە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
تونجەر باکرهان: راستییەکەی هەڵوێستی جەهەپە سەرەتا زۆر باش بوو. ئێمە و شاندی ئیمڕاڵی سێ چوار جار لەگەڵیان کۆبووینەوە، سەردانی یەکدیشمان کرد، بەڵام لەم دواییەدا زۆر چوونە سەریان. دەست بە سەر شارەدارییەکانیان دا گیرا، قەییووم دانرانە سەریان، گوشارەکان لەسەریان بەردەوامن. لەبەرئەوەش هەندێک دوودڵییان بۆ دروستبوو. دوێنێ دیسان چووینە ئەوێ، شاندێکمان لەگەڵیان پەیوەندیی دروستکرد. شاندی ئیمڕاڵیمان رەنگە چەند رۆژێکی دیکە جارێکی دیکە سەردانیان بکاتەوە. یارمەتیی جەهەپە زۆر گرنگە. ئێستا دووەم گەورەترین پارتە. قبووڵی بکەین یان نا، ئەگەر ئەوان پشتیوانیی ئەم کارە بکەن، باشتر و زووتر دەبێت. بۆیە دەمانەوێت ئەوانیش لەسەر مێزەکە بن، با لەگەڵ ئەوانیش دابنیشن و با بیروڕای ئەوانیش وەربگیرێت. هەڵوێستیان زۆر خراپ نییە. تۆ دەزانیت، لەنێو ئەوانیش دا لایەنی "نەتەوەپەرست، نیشتیمانپەرست (ئولوسالجی)" هەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تاوەکو ئێستا باش بووە، دژی ئەم کارە نەوەستاونەتەوە. یارمەتییان داوە، ئەمەش شتێکی باش بوو. نەک تەنیا جەهەپە، پێویستە مرۆڤ هەموو رێکخراوەکانی تورکیا بخاتە نێو ئەم کارەوە. بۆ پرۆسەکە چەند یارمەتیدەر زیادبن، ئەوەندە ئاسان دەبێت. چەند یارمەتیدەر زیادبن، ئەوەندە سەرکەوتوو دەبێت. بۆیە کاتێک لەگەڵ حکومەت دیدار دەکەین، ئەمە دەڵێین: ئەمە پرۆسەی ئێمە و ئاکپارتی نییە. پرۆسەی هەموومانە، بۆ هەموو تورکیایە. بۆیە پێویستە هەموو کەس لە تورکیا بەشداریی تێدا بکات. دەبێت دەرگا بۆ هەموو کەس کراوەبێت. لەم رووەوە کەموکوڕیی حکومەت هەیە. دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆن لەم کارە دووربخاتەوە. ئێمەش قسەکانمان، داواکارییەکانمان، نرخاندنەکانمان بە حکومەت دەڵێین.
 
رووداو: لە 11ی مانگ دا پلان هەیە کە گرووپێکی بچووکی پەکەکە چەک دابنێن، ئێوەش باستان کرد. بەڕای ئێوە، پەکەکە تاوەکو کەی بە تەواوی چەکەکانی دادەنێت؟ و ئەو گەریلا و چەکدارانەی پەکەکە کە چەکەکانیان داناوە، چارەنووسیان چی دەبێت؟ ئەوان دەگەڕێنەوە تورکیا، یان لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، یان دەچنە وڵاتێکی دیکە. تاوەکو ئێستا هیچ پلان و ستراتیجییەک دانراوە؟
 
تونجەر باکرهان: ئێستا ئەگەر هەیە دەوڵەت ئامادەکاریی هەبێت. لە دونیا دا، لە هەموو شوێنێک، ئەوانەی چەکەکانیان دادەنێن، دواتر ئاشتی لە نێوان هەردوولادا دروست دەبێت. رێکارەکانی خۆی هەیە. تائێستا 56 ئەزموون هەیە کە بینیومانە دوای شەڕ، ئاشتی دروستبووە. هەندێکیان سەرکەوتن، هەندێکیان بەردەوامن، بەڵام ئەوانەی سەرکەوتن، چارەسەریی باشیان دۆزییەوە. ئەوانەی چەکیان دانا هاتنە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، هاتنەوە ماڵەکانیان، سیاسەتیان کرد. بوونە هاووڵاتیی ئاسایی، ئەو داوایانەی لەسەریان بوون هەڵوەشێندرانەوە. یارمەتیی پرۆسەکەیان دا. پێویستە ئێستاش وابێت. ئەوانەی چەکەکانیان داناوە، ناچارن بێنەوە، بەڵام دەستپێک ئەوەیە کە چەکەکانیان دابنێن، ئێمەش نیازی دەسەڵات و دەوڵەت دەبینین. ئەگەر ئەوان راستگۆبن، ئەوانیش هەموو چەکەکانیان دادەنێن. ئێمە بە تورکی دەڵێین Yol Temizliği" پاککردنەوەی رێگە" دەکرێت. بۆیە دەڵێین لیژنەی پەرلەمان زۆر گرنگە، چونکە ئەم کارە لە پەرلەمان دەکرێت. ئەگەر لیژنەکە بەخێرایی پێکبهێنرێت... لێرەدا رۆڵ دەکەوێتە سەر شانی سەرۆکی پەرلەمان. لەم لیژنەیەدا پێویستە ئەم بابەتانەش باس بکرێن. ئەوانەی چەکیان داناوە چی دەکەن؟ دەچنە کوێ؟ ئێمە دەمانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆمان. با بێنەوە لای خێزانەکانیان، با بێنەوە لای هاوڕێیەکانیان. بەڕێز ئۆجەلانیش وایدەگوت. دوای ئەوەی ئاشتی دروستبوو، کێ دێت، کێ نایەت، کێ دەچێتە دەرەوە، پێویستە ئێمە زۆر لەسەر ئەمانە نەوەستین. خەم و دەردی ئێمە با ئەوەبێت ئاشتییەک دروست ببێت. ئەوانەی دیکە رێکارن، شتی زۆر گرنگ نین. وردەکارین و پێویستە زۆر لەسەر وردەکارییەکان نەوەستین، بەڵام من باوەڕم وایە رێکخراوەکەش دوای چەکدانان سەیری هەڵوێستی حکومەت دەکات، سەیری نزیکبوونەوەی حکومەت دەکات بەرامبەر بە چەکدانانەکە. دیسان دەیڵێمەوە، ئەگەر حکومەت راستگۆ بێت – من خۆم 30 - 40  ساڵە لەنێو سیاسەتدام و شتی زۆرمان بینیوە، زۆر پرۆسەی وامان بینیووە – ئەگەر حکومەت راستگۆبێت، رێکخراوی پەکەکەش راستگۆ دەردەکەوێت. قسە و کرداریان وا دەردەکەوێت؛ زۆر زوو وەڵامی بەڕێز ئۆجەلانیان دایەوە، کە لە جیهان دا هەرگیز شتی وانەبووە. لە دنیادا، لە کاتی بڕیاری چەکدانان دا، رێکخراوەکان پارچە پارچە بوون؛ هەندێکیان چەکیان دانا، هەندێکیان دایاننەنا، هەندێکیان بەردەوام بوون، هەندێک هاتن، هەندێک نەهاتن، بە تەواوی تەواو نەبوون. ئەم جارە تورکیا شانسێکی هەیە، چونکە بەڕێز ئۆجەلان هەیە. ئیرادەی ئەو  لەنێو پارتەکەی دا و هەروەها لەنێو گەلی کورد دا دانی پێدانراوە. من باوەڕم وایە هەڵوێستی حکومەتیش بۆ ئەم بابەتە زوو چارەسەرێک دەدۆزێتەوە. وردە وردە... ئیتر لە دەستی حکومەتدایە.
 
رووداو: باسی لیژنەکەتان کرد. ماوەیەکە بابەتی لیژنە لە رۆژەڤدایە. هەندێک دیداریش کراون. لیژنەکە ئێستا لە چ قۆناخێکدایە، واتە هەنگاوێک نراوە؟ ئەگەر لیژنە پێکبهێنرێت، پێویستە چ گفتوگۆی لەسەر بکرێت؟ واتە ئەرک، ئامانج، رۆڵی ئەو لیژنەیە و ئەو یاسایانەی کە ئەم لیژنەیە ئامادەیان دەکات چی دەبن؟
 
تونجەر باکرهان: سەرۆکی پەرلەمان دەبێت دیدار لەگەڵ پارتەکان بکات و کردووشیەتی. بۆ لیژنەکە پێشنیازەکانی وەرگرتن. ئێمەش پێشنیازەکانمان بۆ ناردن. جەهەپە پێشنیازەکانی ناردووە. من باوەڕم وایە سەرۆکی پەرلەمان هەموو بۆچوونەکان کۆدەکاتەوە و لەسەر فۆرموولەیەک کار دەکات؛ بۆ ناوی لیژنەکە، نێوەڕۆکی لیژنەکە، دەتوانێت چ رۆڵێکی هەبێت، تاوەکو چ رادەیەک دەسەڵاتی دەبێت... دەسەڵاتی دروستکردنی یاسا و تێپەڕاندنیان لە پەرلەمان، هەمووی بابەتن. بۆیە دەڵێین با کۆبکرێنەوە، چونکە هەموو شتێک لەسەر پەرلەمانە، ناونیشانی چارەسەر پەرلەمانە. سەرۆکی پەرلەمان لەم رۆژانەدا بە جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنەکەشمانی گوتبوو، "من کاری لەسەر دەکەم و بۆچوونی ئەو پارتانە کۆدەکەمەوە کە دێنە ناو لیژنەکەوە. من فۆرموولەیەک دەردەهێنم و هەموو کەس کۆدەکەمەوە و ئەگەر هەموو لایەنەکان لەسەر فۆرموولەکە بڵێن بەڵێ، ئیتر ئەو دەست بە کار دەکات". بۆ ئەوانەی چەکیان داناوە چی دەکرێت، بۆ ئەوان پێویستە یاسایەکی چۆن هەبێت، بۆ زیندانییەکان، بۆ قەیوومەکان، بۆ بابەتەکانی دیکە چی دەکرێت... بۆ ئابووریش، چونکە ئەمە بابەتی ئابووریشە. سەت ساڵە لە جوگرافیای کوردان دا کار و خزمەتگوزاریی ئابووری نییە، کار نییە. ئەگەر بابەتەکە چارەسەربێت، پێویستە ئێمە لەسەر ئەم بابەتانەش کار بکەین. لە بابەتی لیژنەکەدا سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، "ئێمە کار دەکەین". دوای رێوڕەسمی چەکدانانیش، ئەگەری هەیە ئەم کارە کەمێک خێراتر بەردەوام بێت.
 
رووداو: باسی دەستووریش، واتە یاسای بنەڕەتیش، لە رۆژەڤدایە. هەموو لایەنە سیاسییەکان دەڵێن لە تورکیا دەستوورێک هەیە کە دەرئەنجامی کودەتایە و پێویستە دەستوورێکی نوێ دروست بکرێت. لەسەر ئەمە هیچ کارێک هەیە؟ بەتایبەتیش، ئەگەر دەستوورێکی نوێ دروست بکرێت، تێیدا کورد و تورک وەک دوو پێکهاتەی ئەم وڵاتە چۆن پێناسە دەکرێن و مافی زمانی کوردی، مافەکانی کورد لەم دەستوورەدا چۆن جێگەیان دەکرێتەوە، هیچ خشتەیەکی کاتی، نەخشەڕێگەیەک، شتێک لەبەردەستی ئێوەدا هەیە؟
 
تونجەر باکرهان: تاوەکو ئێستا لە دیدارەکانمان لەگەڵ حکومەت و دیدارەکانی ئۆجەلان لەگەڵ حکومەت و شاندەکەمان دا، ئەم بابەتە نەهاتووەتە رۆژەڤی ئێمەوە. چونکە هێشتا زووە. پێشتریش گوتم، زۆر کێشە هەن کە پێویستە ئەوان پاکبکرێنەوە.
 
رووداو: ئێوە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆن…
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ، هەنگاو بە هەنگاو. دەستوور دوایین هەنگاوە. واتە، سەرەتا ئاشتی و چارەسەری، پاشان مافەکانی کورد لە دەستووردا دانیان پێدابنرێت. با بڵێین زمان، دیموکراسیی ناوخۆیی، کێشەکانی دیکەی تورکیا، هەموویان بابەتی دەستوورین. پێویستی بە دەستوور هەیە؟ بەڵێ، پێویستە. وەک ئاو و نان پێویستیی بە دەستوور هەیە، بەڵام نەک ئێستا. ئێمە هێشتا لە هەنگاوی سەرەتاداین. دەستوور دوایین شتە. تەنیا بە گوتن و ویستی ئێمەش نابێت. دەبێت ئۆپۆزیسیۆن بیەوێت، دەبێت گەل بیەوێت، دەبێت گەل لە دروستکردنی دەستووردا جێگەی خۆی بگرێت. بیروڕای وەربگیرێت. دەستووریش دێتە رۆژەڤەوە، بەڵام نەک ئێستا. ئێستا لە رۆژەڤی ئێمەشدا نییە.
 
رووداو: با باسی رۆژئاوای کوردستانیش بکەین. ئێوە دەزانن لایەنێکی گرنگی ئەم بابەتە رۆژئاوای کوردستانە. لەم پرۆسەیەدا، لە دیدارەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و، لە دیدارەکان لەگەڵ حکومەت و سەرۆککۆماردا، چۆن باس لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت؟ رۆژئاوای کوردستان بەشێکە لەم گفتوگۆیانە، یان ئێوە دەڵێن رۆژئاوای کوردستان بەشێکی سەربەخۆیە، ئێوە لەنێو ئەم پرۆسەیەدا چۆن سەیری رۆژئاوای کوردستان دەکەن؟
 
تونجەر باکرهان: وەک دەم پارتی، بیروڕای ئێمە روونە. بەڵام ئەگەر تۆ بڵێی لەم پرۆسەیەدا رۆژئاوا لە کوێدایە، بێگومان کاریگەریی رۆژئاوا لەسەر ئێرەش هەیە، بەڵام ئەوێ تایبەتمەندیی خۆی هەیە. چۆن ئێمە دەڵێین ئامەد و ئەنقەرە، لەوێش قامشلۆ و شامە. تەنیا با پرۆسەکە باش بڕوات، کاریگەریی ئێرە لەسەر ئەوێش دەبێت، بەڵام ئەوێ خاڵێکی دیکەیە، ئەوێ وڵاتێکی دیکەیە. لێرە کار باش بڕوات، کاریگەریی خۆی لەسەر ئەوێش دەکات. لێرە کار باش بڕوات، کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتیش دەبێت. ئێمە ئەمە بە دەوڵەتیش دەڵێین: کورد دووژمنی ئێوە نییە. تاوەکو 10 - 15 ساڵ پێش ئێستاش دەیانگوت هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە هەڕەشەیە. ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی ئەو دەوڵەتانەی کە 300 - 400 ساڵە دراوسێی تورکن، باشترە. ئێمە هەمیشە پێیان دەڵێین، "سەیر بکەن، ئێوە ئەوەتان بە هەرێمی کوردستانیش دەگوت. ئێستا پەیوەندییەکانتان باشن". ئەوان خۆشیان دەڵێن پەیوەندییەکانمان باشن. بۆ رۆژئاواش هەر وایە. ئەوان دووژمنی تورک و تورکیا نین، دەیانەوێت مافەکانیان بەدەستبێنن. گەلی ئەوێ بۆ مافەکانیان شەڕی کردووە و دەیەوێت ستاتۆیەک بەدەستبێنێت. بە کورتی بیڵێم، لێرە باش بڕوات، کاریگەریی لەسەر ئەوێش دەبێت. بۆ چارەسەریش ئاسانتر دەبێت. نزیکبوونەوەی تورکیاش باش دەبێت. ئێوە بینیتان، لێرە پرۆسەکە دەستی پێکرد. ئێوە دەزانن پێشتر بە تانک و تۆپ لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکانیان دەدا، بەڵام ئەویش وەستا. ئەمەش شتێکی باشە. هەندێک جار لێمان دەپرسن، دەڵێن "کوا چ دەستکەوتتان بووە؟" ئێمە دەڵێین، "ئۆپەراسیۆنەکان دژی رۆژئاوا وەستاون"، ئەویش باشە. بێگومان کاریگەری لەسەر یەکدی دەکەن.
 
رووداو: پرسیاری رۆژئاوای کوردستانم کرد، پرسیاری هەرێمی کوردستانیش دەکەم. ئێمە دەزانین پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە. لەم پرۆسەیەدا شاندەکانی ئێوە سەردانی سلێمانی و هەولێریشیان کرد. ئێوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و رۆڵی لەم پرۆسەیەدا چۆن دەبینن؟

 

تونجەر باکرهان: لە سەرەتای پرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی باشی گێڕاوە. قسە و کردارەکانیان یارمەتییەکی گەورەی ئەم پرۆسەیەیان داوە. ئێمە سوپاسیان دەکەین. کارێکی باشیان کرد. پێویستیی کوردیش تەواو ئەمە بوو. ئێمە هەموومان کوردین. هەندێکمان لە عێراق، هەندێکمان لە ئێران، هەندێکمان لە سووریا ماوینەتەوە. وەڵڵاهی، ماف و دەردی کوردی کەرکووک دەردی ئێمەیە. من دەزانم دەردی قامشلۆ دەردی ئەوانە. ئێمە دەزانین ئازاری ئامەد هەرێمی کوردستان بێزار دەکات. بۆیە رۆڵێکی زۆر باشیان وەرگرت. لە نەورۆزیش دا نوێنەرەکانیان هاتن. دیدارمان کرد. دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە سەربکەوێت، ئێمەش ئەمە دەبینین. پێویستە ئەم سیاسەت و یەکێتییەی کە ئەم ٥-٦ مانگە لەنێو کورد دا دەرکەوتووە، درێژەی پێبدەین. دەبێت یارمەتیی یەکدی بدەین؛ بۆ مافەکانی یەکتر، بۆ یاسای یەکتر، بۆ سیاسەتی یەکتر یارمەتیی یەکدی بدەین. ئێمە یەک میللەتین، یەک زمانین، جوگرافیاکەمان یەکە، بەڵام هاووڵاتیی دەوڵەتی جیاوازین. لە ئێستا بەدواوە، پێویستە هەرێمی کوردستان زیاتر لەسەر یەکێتیی کوردان بوەستێت. چونکە بەڕێز ئۆجەلان گوتی، یەکێتیی کوردان زۆر گرنگە. گوتی، "با کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ببەسترێت" و، گوتی ئەگەر بەڕێز مەسعوود بارزانی بیەوێت با ببێتە سەرۆکی. ئەمە شتی گرنگن. سێ چوار ساڵ پێش ئێستا وانەبوو. لەنێو کورد دا بەربەست هەبوون. بەم پرۆسەیە ئیدی ئەوانیش نەمان. من خۆم زۆر دڵخۆشم، پارتەکەشمان زۆر دڵخۆشە. ئینشاڵڵا وا بەردەوام بێت. پرۆسەکە وا بەردەوام بێت، ئێمەش هاتووچۆ دەکەین، دیدارەکانمان بەردەوام دەبن. ئێمە بیروڕای ئەوان وەردەگرین و بیروڕای خۆمان بەوان دەڵێین. داواکاریمان هەبێت، داواکاری ئەوان هەبێت، لەسەری دەوەستین، بەڵام من باشی دەبینم و باش دەڕوات. ئێمە کەمێک لەسەر یەکێتیی کوردان دەوەستین، بەڵام دەبێت ئیدی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکبهێنرێت. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکوڵێت، شەڕ و هەموو شتێک هەیە. واتە، ئەوێ بێ حکومەتە، ئەمە ئێمەش بێزار دەکات. حکومەت هەبووایە، باشتر و ئاسانتر دەبوو. داواکاریی ئێمەش، داواکاری ئەوانیش ئەمەیە. پێویستە ئێمە بۆ یەکێتیی ناوخۆیی کورد رۆڵێکی گەورە بگێڕین. لەم پرۆسەیەدا شتێک بکەوێتە سەر شانیان، لەبەر خودا ئەوان دەیکەن، باوەڕیشمان هەیە.
 
رووداو: پرۆسەکە کەمێک کوردیشی لێک نزیک کردەوە.
 
تونجەر باکرهان: بەڵێ، زۆر راست دەکەیت. تائێستا هەموو کەسێک سیاسەتێکی بۆ خۆی دانابوو و سیاسەتی خۆی بەڕێوەدەبرد. ئێستا من دەبینم کە سیاسەتی گشتیی کوردان بووەتە خەمی هەموو کەسێک.ئەمەش شتێکی باشە. لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەکەدا، باشترین شت ئەوەبوو کە ئێستا ویستەکانمان، قسەکانمان، هەڵوێستمان بە باشترین شێوە بەم پرۆسەیە دەرکەوت. دەبێت ئەمە بەردەوام بێت.
 
رووداو: ئێوە دەزانن، جگە لە گەریلاکانی پەکەکە، بەڕێوەبەرانی کەجەکەش هەن، بەڕێوەبەرانی پەکەکە هەن. دوای پرۆسەی چەکدانان، دوای ئەوەی چەکەکان دانران، چارەنووسی ئەوان چی دەبێت، هیچ پلانێک هەیە؟ ئایا ئەوان دەگەڕێنەوە تورکیا، یان دەچنە وڵاتێکی دیکە، یان لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؟

 

تونجەر باکرهان: رەنگە پلانێک هەبێت. تائێستا ئەم بابەتە نەهاتووەتە بەردەممان. ئەگەر هاتبا، من پێم دەگوتیت، بەڵام بە دڵنیاییەوە پلانێک هەیە؛ لە کوێ دەمێننەوە. ئایا لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە یان نا... بۆ ئەم باسانە هێشتا زۆر زووە. رۆژانی داهاتوو روون دەبێتەوە و ئێمەش وەڵامی پرسیارەکەی تۆ دەدەینەوە.
 
رووداو: ئێوە کۆنگرەی خۆتان دەکەن. پێشنیازێکی بەڕێز ئۆجەلانیش هەبوو، دەڵێت با ناوی پارتەکەتان ببێتە "پارتی کۆماری دیموکراتیک". لە کۆنگرەکەدا، وەک دەم پارتی، لەسەرووی هەموویانەوە ناوی پارتەکەتان، چ گۆڕانکارییەک لە کارنامەی ئێوەدا دەبێت؟
 
تونجەر باکرهان: زۆرترین سوودی پرۆسەکە بۆ دەم پارتی بوو. چونکە بۆ ئێمە زەوینەیەکی گەورە رەخسا. دەرەفەت هەڵدەکەوێتەوەش. تائێستا لێمان دەدرا و دەگیراین. میللەت دەترسا بێتە ناو پارتەکەی ئێمە، دەترسان بێنە لامان، دەترسان بێنە چالاکی و بەرنامەکانمان. زەوینەیەکی دیموکراتی دروست ببێت، زۆر سوودی بۆ ئێمە دەبێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئێمە گەورە دەبین، زەوینەکەمان گەورە دەبێت. کە ئێمە گەورە بین، زەوینەکەمان گەورە بێت، پێویستە ئێمەش خۆمان بە گەورەیی رێکبخەین؛ لەڕووی زانایی خۆمانەوە، لەڕووی زیادکردنی ژمارەمانەوە... هاوڕێمان هەن کە ئەم کارە باشتر دەکەن. ئێمەش خۆمان نوێ دەکەینەوە. لەگەڵ هێزی خۆمان، هاوپەیمانییەکانمان، رێکخستنمان... رۆژانی نوێ لە پێشمانن. ئێمە لەسەر ئەمەش کار دەکەین.
 
رووداو: ئەوە پرسیاری کۆتایی منە، بەڵام راستییەکەی پرسیاری من نییە. من چەند رۆژ پێش ئێستا لە گەڤەر بووم. ئێوە دەزانن، ئێمە وەک رووداو زۆر دەچینە ناوچەکە. لە گەڤەر هاووڵاتییەک لێی پرسیم و گوتی، "دوای پرۆسەکە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت؟"، منیش پێمگوت، "وەڵامی پرسیارەکەت لای من نییە، بەڵام کە چوومە ئەنقەرە، من لە بەڕێز تونجەر باکرهان دەپرسم". ئایا لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا، بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوسەرۆکەکانتان، پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییە گیراوەکانتان ئازاد دەکرێن؟
 
تونجەر باکرهان: خۆی ئەگەر ئەوان ئازاد نەکرێن، بەو مانایە دێت کە پرۆسەکە رووینەداوە. ئەگەر پرۆسەکە سەربکەوێت، هیچ کەسێک لە زیندانەکان دا نامێنێت. سەرۆک سەلاحەدین، سەرۆک فیگەن ، لەیلا گوڤەن، ئایشە گورکان... من ئێستا ناوی هەموویان بژمێرم، رەنگە بە سێ چوار کاژێر تەواو نەبم. خۆی، لایەنێکی ئەم پرۆسەیەش زیندانەکانن، هاوڕێ گیراو و دوورخراوەکانمانن. لە هەرێمی کوردستانیش بە هەزاران هاوڕێمان هەن. ئەندامی کەجەکە و پەکەکە نین، بەڵکو ئەوانەن کە سیاسەتی ئێمە بەڕێوەدەبەن و دەوڵەت سزایداون. راستییەکەی شتێک نییە کە لەسەری سزا بدرێن، بەڵام تۆ دەزانیت تائێستا زوڵمێکی زۆر گەورە لەسەر ئێمە هەبووە. ئەوان هەموویان دەگەڕێنەوە و ئەوانەی لە زیندانەکانیشن هەموویان دەردەچن. خۆی ئەگەر وانەبێت، ئەوا پرۆسەکە بەراستی ناڕوات.
 
رووداو: ماڵتان ئاوا. دەمەوێت پەیامی کۆتاییشتان وەربگرم.
 
تونجەر باکرهان:  من زۆر دڵخۆش بووم. یەکەم جارە من بە کوردی هەڤپەیڤین دەکەم. ئینشاڵڵا گەلەکەمان پێی دڵخۆش بێت. لە ئێستا بەدواوە ئێمە بوێرتر دەبین. رەنگە ئیتر لە راپۆرت و وتارەکانمان دا زمانی خۆمان بەکاربێنین. منیش سوپاسی ئێوە دەکەم، ماڵتان ئاوابێت. رۆڵی تەلەڤیزیۆنەکەتان زۆر زۆرە، من ئەوە باش دەزانم. لەناو کوردان دا و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوێتان لێدەگرن. چی دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، دەبێت ئێوەش بیکەن. لە تورکیا زمانی میدیا پیس بووە. پێویستی بە زمانێکی پاکە. ئێمە وا باوەڕ دەکەین کە ئێوەش لەنێو بەکارهێنەرانی زمانی پاکدان. من هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم. ئینشاڵڵا رۆژانی باشتر، هەواڵی باشتر لە رێگەی ئێوەوە دەدەینە خەڵکی خۆمان، خەڵکی کوردستان. من سڵاوی خۆم پێشکەشی کارمەندەکانتان دەکەم، سڵاوی خۆم پێشکەشی میللەتەکەمان، میللەتی هەرێمی کوردستان دەکەم.
 
رووداو:  زۆر سوپاس. راستییەکەی بۆ من هەڤپەیڤینێکی زۆر خۆش بوو. لە هەڤپەیڤین زیاتر، گفتوگۆیەکی خۆش بوو.
 
تونجەر باکرهان:  سوپاس.
 
تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی 7ی تەممووزی 2025 لە ئەنقەرە تۆمارکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.