کەجەکە وەڵامی ئۆجەلانی دایەوە: "ئێمە هەنگاومان نا، بەڵام ئەوان هەنگاویان نەنا"

10-07-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە سەبارەت بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێ، بڕیاریان داوە ئەو ھەنگاوە کۆنکرێتییە بنێن، کە ئۆجەلان داوای لێ کردوون. 

کەجەکە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە، 10 تەمموزی 2025، بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند: "ئێمە بڕیارمان داوە ئەو ھەنگاوە بنێین کە رێبەر ئاپۆ لە ئێمەی دەخوازێت. دەبێت ئەوە بزانرێت پڕۆسەکە تەنیا بە تاکلایەنانە و تەنیا بە ھەنگاوی ئێمە پێش ناکەوێت. دەبێت بە شێوەیەکی دروست لە پڕۆسەکە نزیک بینەوە و ئەو ھەنگاوانەی پێویستە بنرێن".
 
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەمموزی 2025 دوای نزیکەی 27 ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکرایەوە کە لە 19 ـی حوزەیرانی رابردوودا تۆمار کرابوو. 
 
لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان باس لە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" دەکات و دەڵێت: "لەو قۆناخەی پێی گەیشتووین، پێویستی بەوەیە بە ھەنگاوی نوێ بچینە بواری پراکتیکەوە. من باوەڕم بە ھێزی سیاسەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ھەیە، نەک چەک. بانگەواز لە ئێوەش دەکەم ئەم بنەمایە جێبەجێ بکەن". 
 
کەجەکە سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند: "بە مەبەستی گەشەپێدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی نوێی کردووە. ئەم بانگەوازەی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوێنێ بڵاوکرایەوە و بەم شێوەیە رای گشتی لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ئاگادار بوو." 
 
کەجەکە دەڵێ، ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان دوای بانگەوازەکەی 27 ـی شوباتی 2025 دەبێتە دووەم بانگەواز و "وەک بانگەوازەکەی 27ـی شوبات مێژووییە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، ئەم "بانگەوازە مێژوویی"ـەی ئۆجەلانیان ھەڵسەنگاندووە و پێیان باشە ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوون لەگەڵ گەل و رای گشتی بەش بکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە، بە تەواوی پشتگیری لە پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی' دەکەین کە بە بانگەوازێک لە 27ـی شوباتی 2025 راگەیێندرا و رای دەگەیێنین ئەو بەرپرسیارێتییانەی لە ئەستۆمانە بەبێ کەموکورتی جێبەجێیان دەکەین. تاوەکو ئەمڕۆ، بەپێی باوەڕمان بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی' و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەمان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەم بانگەوازەدا خراونەتەڕوو، بڕیاری ستراتیژیمان داوە و هەنگاوی لەو جۆرەمان ناوە. گەلەکەشمان بە وریایی و هەستیاری و باوەڕێکی زۆرەوە پشتگیری لەم پرۆسە مێژووییەی رێبەر ئاپۆ کرد". 
 
کەجەکە هەروەها دەڵێت، "لە رووی ئەو قۆناخەی پێی گەیشتووین، دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دەسەڵاتی ئێستا، بەپێی پێویستییەکانی پرۆسەکە و وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەنگاوە کۆنکرێتییانەی ناومانە، هێشتا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. سەرەڕای ئەوە ئێمە بەپێی باوەڕمان بە ئامانجەکانی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی' پشتگیریمان لە پرۆسەکە کرد. بە هەستیارییەکی زۆرەوە هەوڵمان داوە ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام بێت. ئێمە باوەڕمان وایە کە هەوڵەکانی ئێمە بینراون".
 
بڕیارە سبەی هەینی 11ـی تەمموز، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەکە دابنێن و لەنێوی ببەن.
 
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە "پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی" ناودەبرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.