رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پڕۆژی "چوارچێوەی نیشتمانیی بەرەی دەنگی ناڕازی" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەنگە ناڕازییەکان کۆبکاتەوە. بەپێی پڕۆژەکە؛ هەموو لیستەکان بەسەربەخۆیی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و هەر لایەنێک لیستی بەربژێرانی تایبەت بەخۆی دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-08-2023، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەو پڕۆژەیەی راگەیاند و داوا لە دەنگە ناڕازی و لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی و، رێکخراوەکان دەکات بەشداریی تێدا بکەن.
لە پێشەکیی پڕۆژەکەدا هاتووە، "دوای زیاتر لە 30 ساڵ، هەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و ئاڵۆز و خراپدا گوزەر دەکات، بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو نەبووە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکات، بە جۆرێک ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە دەست گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت و چەندین گرفتی سیاسی و ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و هی دیکە دەناڵێنێت."
یەکگرتوو دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان "پاشەکشێ لە ئازادییە گشتییەکان، ئازادیی رۆژنامەگەری، دیموکراسییەت، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا" روویداوە. دەشڵێت، "هەموو ئەمانە دەخوازێت لە روانگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانییەوە ئێمە وەکو هێز و لایەن و رێکخرا و کەسایەتی و دەنگە ناڕازییەکانی شەقامی کوردستان هەڵبستین بە خۆڕێکخستن لە (چوارچێوەی نیشتمانیی بەرەی دەنگی ناڕازی) بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە ئامانجی گۆڕانکاریی ریشەیی هەمەلایەنە و بەدەستهێنانی رێژەی دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و شوناسی ئایینی و ئەخلاقی گەلەکەمان و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی دادپەروەر."
ئەو چوارچێوەیەی یەکگرتوو رایگەیاندووە، لە رەشنووسەکەیدا وا ناسێندراوە کە "پڕۆژەیەکی نیشتمانیی هەمەلایەنی گشتگیرە بۆ رێکخستنی هێز و لایەن و رێکخراو و هەموو دەنگە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە پڕۆژەیەکی هاوبەش."
یەکگرتوو کە لە مێژووی خۆیدا ئەزموونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیشی هەیە، لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی لیستی "بەرەو ئیسڵاح"یان پێکهێنا و 67 هەزار 712 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا بەربژێرانی یەکگرتوو ئەو شەش کورسییەیان پڕکردەوە کە لە پەرلەمان بەدەستیان هێنا.
یەکگرتوو پێیوایە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە پڕۆژەکە گرن و پێویستە:
- سەرنەکەوتنی دەسەڵات لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەشێوەی دادپەروەرانە.
- بێهیوابوونی هاووڵاتییان لە چاکسازییەکان.
- گێڕانەوەی متمانە و هیوا بۆ هاووڵاتییان و بەشداریکردن لە دەنگدان و گۆڕانکاری و دابینکردنی ژیان و بژێویی شایستە.
- هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مێژوویی لەم قۆناخە چارەنووسەی گەلەکەمان و لەئەستۆگرتنی پڕۆژەی ئیسڵاح و گۆڕانکاری ریشەیی هەمەلایەنە.
- دامەزراندنی قۆناخێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە دادپەروەرانە.
رۆژی پێنجشەممە، 10-8-2023، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووە، لەگەڵ هەندێک لەلایەن و رێکخراو و کەسایەتییەکانی دەرەوەی حیزبەکانی دەسەڵات قسەکراوە، هێشتا بەتەواوەتی بۆچوونی یەکلاییکەرەوە وەرنەگیراوە، چونکە هێشتا زووە، بەڵام چاوەڕوانین بەرەیەکی بەهێز بێت."
هێمن ئەسکەندەر گوتی، "ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەو حیزب و لایەن و رێکخراو و کەسایەتییانەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دواتر لە پەرلەمان هێزێکی کاریگەر دروست دەکەن و لەبری ئەوەی دەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کورسییەکانیان پەرت بێت، بە یەکڕیزی دەبێت و ئەوەش هێزی دەداتێ."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هێشتا زووە ئەو لایەنانەی دەتوانن بێنە نێو چوارچێوەکەوە ئۆکەی لەسەر پڕۆژەکە نیشانبدەن و کاتی زۆر لەبەردەستە، چونکە لایەنەکان سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقن و ئەویان نزیکترە، بەڵام لەماوەکانی داهاتوو چڕتر لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پڕۆژەکەوە قسە دەکرێت. گوتیشی، "دەرگە بۆ هەمووان جگە لە لایەنەکانی دەسەڵات، بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی، کراوەیە."
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شەش خاڵدا میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیشی روونکردووەتەوە کە ئەمانەن:
- رێککەوتن لەسەر کارنامەی چوارچێوەیە و پەیماننامەیەکی سیاسیی نیشتمانی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان کە بنەماکانی قۆناخی نوێی تێدا بچەسپێنرێت.
- کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە چاودێریی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکان تاوەکو شەفاف و بێگەرد بێت.
- هەر لایەنێک لیستی بەربژیرانی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ ئەوەی دەنگدەر ئازادانەتر بتوانێت بەربژێری دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت.
- ئەم چوارچێوەیە لە پەرلەمانی داهاتوو لە چوارچێوەی یەک فراکسیۆنی هاوبەش یان فیدراسیۆنی هاوپەیمانی فراکسیۆنەکان بەردەوام دەبێت.
- پێکهێنانی ناوەندێکی راگەیاندنی هاوبەش.
- هەموو لیستەکان بە سەربەخۆیی لە چوارچێوەیەکدا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ