رووداو دیجیتاڵ
دوای بەخشین لە پۆستەکانیان، دوو کەس بە سەرۆکی شارەوانییەکانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لە پارێزگای سلێمانی دیاریکران.
بەهۆی لافاوەکەی 09ـی ئەم مانگەوە کە زیانی گیانی و مادی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری لێکەوتەوە، چەند بەرپرسێک لە پۆستەکانیان بەخشران، لەنێویاندا ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ و بورهان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی شۆڕش، ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی دوو کەس بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستەکە دیاریکران.
ئاسۆ شێرکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو ئەندازیارمان بۆ سەرۆکی شارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش دیاریکرد".
ئەندازیار عەلی رەئووف، بۆ سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ و ئەندازیار هاوكار فازڵ، بۆ سەرۆكی شارەوانی شۆڕش دیاریکران. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی گوتی: "لە ئەمڕۆوە هەردووکیان دەستبەکار دەبن".
جگە لەو دوو کەسەی لە پۆستەکانیان بەخشران و کەسی دیکەیان لە جێگە دانراوە، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ و عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵیش لە پۆستەکانیان بەخشراون و تاوەکو ئەمڕۆ جێگرەوەیان دیاری نەکراوە.
14ـی ئەم مانگە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لافاوەکەی چەمچەماڵ کارەساتێکی سرووشتی بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا دەکرا هەندێک رێکار بگیرایەتەبەر تاوەکو زیانەکان کەمتر بوونایە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەندێک بەرپرسی حکومەتی خۆجێی ئێرە کراوە و پێشنیاز ئاراستەی بەندە کراوە بۆ گرتنەبەری رێکار. پێنج کەس دەستنیشان کراون؛ چواریان هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردووە و خۆیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ