رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی ئامەدی باکووری کوردستاندا چوونە نێو گوندەکە بە 'شۆرت' قەدەخەیە و هەمووان پانتۆڵ لەپێدەکەن.
لە گوندی زیگرێ لە سنووری ئامەدی باکووری کوردستان، شۆرت قەدەخەیە و ئەمە وایکردووە گەشتیاران زیاتر رووی تێبکەن.
گوندی زیگرێ کە بە (دەیرمەنلی)ش دەناسرێت، 78 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئامەد دوورە و سەر بە شارۆچکەی دیجلەیە.
لە دەروازەی ئەو گوندەدا تابلۆ هەڵواسراوە و لێی نووسراوە (هاتنە ژوورەوە بە شۆرتەوە قەدەخەیە). هیچ کەسێک بۆی نییە لەم رێنماییە لابدات و لەو گوندەدا زۆربەیان شەرواڵ یان پانتۆڵ لەبەر دەکەن.
عەبدوڵڵا جان کە موختاری گوندی زیگرێیە دەڵێت: "لە گوندەکەی ئێمەدا شۆرت قەدەخەیە و بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەمە ناکرێت. بەساڵاچووانمان بە شۆرت ناڕەحەت دەبن. گوتیان دیمەنی شۆرت ناشرینە و تووشی دەمارگیرییان دەکات. جا لەسەر داواکاریی ئەوان، بڕیارێکی لەم جۆرەمان دەرکرد".
موختاری گوندەکە هەروەها رایگەیاند، هەموو ئەوانەی دێن خزمەت دەکرێن و میوانی ئازیزن، بەڵام کەس بۆی نییە بە شۆرتەوە بڕواتە نێو گوندەکەیان.
گوندی زیگرێ خاوەن سرووشتێکی دڵڕفێنە و چەند رووبارێکی پێدا دەڕوات. ساڵانە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا گەشتیاران رووی تێدەکەن.
ئەم ساڵ بەهۆی ئەو بڕیارەوە خەڵکی زیاتر سەردانی ئەو گوندە دەکەن و لەگەڵ 'تابلۆی قەدەخەی شۆرت' وێنە دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ