لەرێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە شۆفێران لە سزاکانی هاتووچۆ ئاگاداردەکرێنەوە

10-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای شەش مانگی دیکە، ئەپلیکەیشنێک بۆ شۆفێرانی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت و هەر شۆفێرێک هەژمارێکی تایبەت بە خۆی دەبێت، لە سزاکاندا نامەی بۆ دەڕوات و ئاگاداردەکرێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێخۆشبوونی 20٪ـی قەرزەکانی سزاکانی هاتوچۆوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "پاش شەش مانگی دیکە ئەپلیکەیشنێکی تایبەت دەکەوێتەکار کە هەر شۆفێرێک دەتوانێت هەژماری ئۆتۆمبێلی خۆی لەسەر هەبێت و لە ئەگەری هەر جۆرە سزایەکدا نامەی بۆ دەڕوات و ئاگاداری دەکرێتەوە."
 
زیاتریش روونیدەکاتەوە: "ئەگەر شۆفێر نامەی بۆ هات کە بڕی 40 هەزار دینار سزای بۆ کراوە و ئەم مانگە سزاکەی پاکتاوکرد، بەبێ هیچ گومانێک خۆی دەپارێزێت لەوەی مانگی داهاتوو ئەو زیانە داراییە نەکات."
 
هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر ناچارکرا سزاکە بدات، نابێتە دوو هێندە و زیاتر ئاگاداری خۆی دەبێت و سەرپێچی ناکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، لەدوای ئەو پڕۆسەیە هەمووان کەمترین سزای داراییان دەکەوێتەسەر، چونکە بە قسەی ئەو "کە سزاکەمان دا ناچار دەبین ئاگاداری خۆمان بین."
 
هەروەها دەشڵێت، "ئەمانە بۆ شەش مانگی داهاتوون و قەرزەکانی کۆن و سزاکانی ئێستا تاوەکو شەش مانگی دیکە ناگرێتەوە."
 
لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-9-2023، بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، بڕیاردراوە بۆ ماوەی شەش مانگ 20% داشکاندن بۆ قەرزی هاتووچۆی سەر شۆفێران بکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزەکانی سزای هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ درا؛ لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام دەبێت. لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەرکەسێک پێبژاردن نەداتەوە لەماوەی 30 رۆژدا، بەگوێرەی بەشی 20 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86ـی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
 
بڕگەی سێیەمی بەشی 20ـی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ـی هەموارکراو دەڵێت، "لەکاتی نەدانی پێبژاردنی سەپێندراو لەو ماوەیەی دەقی لەسەرهاتووە لەبڕگەی یەکی لەم یاسایەدا پێبژاردنەکە دەبێتە دوو ئەوەندە بۆ یەک جار و تۆماردەکرێت لە سەرەتاکانەی سوارۆکە لە کۆمپیوتەردا."
 
بڕگەی یەکەمی بەشی 20ـی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ـی هەموارکراو دەڵێت: "هیچ ئەفسەرێکی پۆلیس لەنێویاندا ئەفسەری هاتوچۆ مافی ئەوەی نییە پارە داوابکات یان وەربگرێت یان بدات بۆ هەر جۆرێک لە سەرپێچییەکانی هاتووچۆ و هەموو بڕە پێبژاردنەکان راستەوخۆ دەدرێت بە ئەفسەری ژمێریای لە بارەگای کەرت لەماوەی 30 رۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی سەرپێچییەکە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە