رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم ئەو گەنجانەی دەیانەوێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. ئەمەش وایکردووە، ئەوانەی ناتوانن زێڕ بکڕن، لە دادگە رێککەوتنێکی یاسایی دەکرێت زاوا دەبێت دوایی زێڕەکە بکڕێت.
د. سامیە سەعید، کۆمەڵناس ئەم دیاردەیە بە "کێشەیەکی قووڵتر بۆ داهاتووی خێزانەکان" ناودەبات. لە کۆمەڵگەی کوردی داواکردنی زێڕ وەک بەشێک لە مارەیی، دابونەریتێکی دێرینە. د. سامیە سەعید دەڵێت وەک پێوەرێک بۆ "قەدر و قیمەتی کچەکە لای خێزانی زاوا" سەیر دەکرێت.
ئەو کۆمەڵناسە لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، "زێڕ هێمایەکی هەیە کە وەک زەمانەتێک وایە بۆ داهاتووی کچەکە، بۆ ئەوەی هەست بکات ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەی مسۆگەر و سەقامگیرە."
ئەو کۆمەڵناسە پێیوایە، ئەم گرنگییە کولتوورییە دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتێکی زۆر کۆن و تەنانەت لە ناوچە جیاجیاکانیشدا بڕی داواکراوی زێڕ جیاوازە. کڕینی زێڕ بۆ بووک جۆرێک لە ئاسایش و دڵنیایی دروست دەکات بۆ داهاتووی، بۆ ئەوەی بتوانێت پشتی پێ ببەستێت ئەگەر لە داهاتوودا تووشی هەر کێشەیەک بوون.
د. سامیە سەعید جەختی لەوە کردەوە، گرانبوونی نرخی زێڕ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پڕۆسەی هاوژینی گەنجان داناوە: "ئەگەر ئێستا راپرسییەک بکەین، دەبینین ژمارەیەکی زۆر گەنج ماونەتەوە و ناتوانن هاوسەرگیری بکەن، چونکە ناتوانن زێڕ بکڕن."
بەڵام لەگەڵ ئەم ئاستەنگەشدا، میکانیزمێکی نوێی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە. بەهۆی قورسیی باری ئابووری، نەبوونی مووچە و هەلی کار، زۆربەی خێزانەکان ناتوانن زێڕ بکڕن. بۆیە رێککەوتنێکی یاسایی لە دادگە دەکرێت کە ئەو بڕە زێڕەی داوا کراوە، وەک قەرزێک بەسەر زاواوە تۆمار دەکرێت، تا ئەو کاتەی پارەی دەست دەکەوێت یان نرخی زێڕ هەرزان دەبێت.
د. سامیە سەعید دەڵێت: "ئەم میکانیزمە وای کردووە رێگری لە وەستانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بکات، بەڵام کێشەی قووڵتر دروست دەکات."
هەرچەندە رێککەوتنەکە یاساییە، بەڵام ئەم قەرزە دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ناکۆکی لە داهاتوودا. د. سامیە سەعید ئاماژەی بەوەدا، تەنانەت لە کاتی کڕینی زێڕەکەشدا، لەسەر مسقاڵێک یان دوو مسقاڵ، ئەگەری هەیە شەڕ و ناکۆکی لەنێوان هەردوو خێزاندا دروست ببێت. زیاتر روونی دەکاتەوە: "ئەمە کاریگەرییەکی دەروونیی زۆری هەیە. مارەیی بەپێی یاسا موڵکی کچەکەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو زێڕە دەفرۆشرێتەوە و بۆ هەردووکیان خەرج دەکرێتەوە، ئەگەر لەگەڵ ماڵی زاوا نەگونجێت و پەیوەندییەکانیان باش نەبێت."
بڕی زێڕی داواکراو زیاتر پشت بە زیادبوونی داواکاریی خێزانەکان دەبەستێت. هەرچەندە هەندێک خێزان زێڕ داوا ناکەن و جەخت لەسەر پەیوەندی مرۆڤایەتی دەکەنەوە، بەڵام هەندێکی دیکە داواکاریی دیاریکراویان نییە و دەڵێن "کچەکەی ئێمە شایەنی چییە، ئەوەی بۆ بکەن." ئەمەش وا دەکات ماڵی زاوا بکەونە دۆخێکی قورسەوە.
"هەندێک خێزان هەن تەنانەت موڵکی خۆیان فرۆشتووە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ماڵی بووک جێبەجێ بکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد و هەردوو خێزانەکەش لە داهاتوودا دەبێت." د. سامیە سەعید وای گوت. پەیامێک ئاراستەی گەنجان و خێزانەکان دەکات: "بەهای مرۆڤ لە هەموو زێڕ و زیوی دنیا گرانترە. بەهای مرۆڤێک، کچێک وەک مرۆڤ، بە هیچ بڕە پارەیەکی دنیا هەڵناسەنگێنرێت."
ئەو داوا لە گەنجان دەکات کە داواکارییەکانیان زیاتر لەسەر بنیاتنانی ژیانێکی بەختەوەر، پەیوەندییەکی پتەو و گەیشتن بە داهاتوویەکی گەش و ژیانێکی ئارام بێت. "ئەمە زۆر لەوە گرنگترە، کە داوای بڕێکی زۆر زێڕ بکەن و لە بەرامبەردا بەختەوەری لەدەست بدەن، یان زاواکە زۆر قەرزدار بکەن و لەژێر بارێکی قورسدا بێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەنێوان هەردوولادا و لە کۆتاییدا خێزانێکی پڕ لە کێشە دروست دەبێت."
دوێنێ لە بازاڕەکانی نێوخۆ، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 740 هەزار دینار. ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی خۆیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ