رووداو – هه‌ولێر
كۆڵبهرى له سنووره‌كانی نێوان رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان، مێژوویه‌كی درێژی به قه‌د مێژووی كێشانی ئه‌م سنوورانه هه‌یه. ساڵانێكی زۆره كۆڵبهرى تاكه سه‌رچاوه‌ى بژێوى چه‌ندین خێزانى سه‌ر سنووره. سه‌ره‌ڕاى مه‌ترسییه‌كانى، به‌ڵام نه‌دارى به هه‌زاران خێزانى ناچار به‌و پیشه‌یه كردووه.
به‌شێكی زۆری دانیشتووانی سه‌رسنوور كه به‌پێی هه‌ندێك ئاماری نافه‌رمی ژماره‌یان خۆى له 300 هه‌زار كه‌س ده‌دات و رۆژ له دواى رۆژیش زیاتر ده‌بێ، روویان له كۆڵبهرى كردووه.
كۆڵبه‌ران، بۆ په‌یداكردنی پارووه نانێك ده‌بێ لانیكه‌م 10 بۆ 20 كیلۆمه‌تر به كۆڵێكی 20 بۆ 50 كیلۆییهوه ببڕن. كۆڵبه‌ران كاره‌كه‌ی خۆیان به "پاروویه‌ك نان به نرخی گیان" وه‌سف ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر له مینه چێنراوه‌كانی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق- ئێران رزگارت بێ و سه‌رما نه‌تكوژێ، ئینجا ده‌بێ رێگه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له بازگه‌كان و پاسه‌وانانى سنوور بدۆزیته‌وه.
رۆژ نییه له میدیاكانه‌وه هه‌واڵی كوژران و برینداربوونی كۆڵبه‌ران به ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان و رووداوی سروشتی و ته‌قینه‌وه‌ی مین بڵاونه‌بێته‌وه كه دوایینیان رهقبوونهوهى دوو برای ته‌مه‌ن ژێر هه‌ژده ساڵ به ناوه‌كانی كاوه و فه‌رهاد له ناوچه‌ی ته‌ته‌ی نێوان مه‌ریوان و هه‌ورامان بوو.
له یه‌ك دوو ساڵی رابردوودا به‌رپرسانی ئێران باسیان له رێكخستنی سنوور كردووه و به‌ڵێنی جیاوازیان داوه، به‌ڵام جگه له قه‌ده‌غه‌كردنی كۆڵبه‌ری هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆ هه‌ڵنه‌گیراوه، ئه‌ویش به پاساوى "هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵات". هه‌ر ئه‌وه‌ش بیانووى به هێزه‌كانى پاراستنى سنوور داوه به توندى رووبه‌ڕووى كۆڵبه‌ران ببنه‌وه.
عه‌بدولڕه‌زا ره‌حمانی فه‌زڵ، وه‌زیری ناوخۆی ئێران، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆڵبه‌ران ده‌ڵێ، ده‌وڵه‌ت بڕیاری داوه كۆڵبه‌ری به ته‌واوه‌تی نه‌هێڵێ و له جیاتى ئه‌وه 15 بازاڕ له‌سه‌ر سنووره‌كان بكاته‌وه.
حوسێن زوڵفه‌قاری، جێگری سیاسی و ئاسایشی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانیش ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری له رێساكاندا "ئیدی شتێك به ناوی كۆڵبه‌ری نه‌ماوه، نازانم كێ ئه‌م وشه‌ی كۆڵبهرییهی داهێنا كه هه‌م كێشه‌ی بۆ خه‌ڵك و هه‌م بۆ به‌رپرسان نایه‌وه".
هه‌ندێك له به‌رپرسان و ده‌زگاكانی كۆماری ئیسلامی كۆڵبه‌ران به هۆكاری قاچاخی كاڵا له سنووره‌كان ده‌زانن. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، عه‌لی خامنه‌یی، پێشتر گوتبووی مه‌به‌ستی ئه‌و له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخ "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆڵبه‌ران" نییه.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، به‌درێژایی ساڵی 2018 لانیكه‌م 231 كۆڵبهرى كورد بوونه‌ته قوربانی، له‌و ژماره‌یه 71 كه‌س مردوون و 160 كه‌سیش بریندار بوون.
هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كه، 156 كه‌س واته 67%، به ته‌قه‌ى هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران بوونه‌ته قوربانى كه 53یان كوژراون و 103شیان بریندار بوون. 42 كه‌س واته 18%یان به رووداوی سروشتی و 19 كۆڵبه‌ر به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین و 14 كۆڵبه‌ریش به‌هۆی رووداوی ئۆتۆمبێل بوونه‌ته قوربانى.
هه‌ر به‌پێی ئامارى رێكخراوه‌كه، ساڵى رابردوو 254 كۆڵبه‌ر بوونه‌ته قوربانی كه 76یان كوژراون و 178یشیان بریندار بوون. ئامارى قوربانیان به‌راورد به ساڵى 2018 زیاتر له 10% زیادى كردووه.
ساڵى رابردوو 197 كۆڵبه‌ر به‌ر ته‌قه‌ی چه‌كدارانى ئێرانی كه‌وتوون كه 51یان كوژراون و 146یشیان بریندار بوون. هه‌روه‌ها 23 كۆڵبه‌ر به رووداوى سروشتى مردوون و 20 یشیان بریندار بوون. 12 كۆڵبه‌ر به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى مین گیانیان له‌ده‌ستداوه و 11ی دیكه‌ش بریندار بوون. دوو كه‌سیش به رووداوی ئۆتۆمبێل بوونه‌ته قوربانی كه یه‌كێكیان مردووه.
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێ، زۆرترین قوربانى به‌هۆى ته‌قه‌ى هێزه چه‌كداره‌كان بووه. چالاكڤانان پێیانوایه ته‌قه‌كردنی راسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر سنوور له كۆڵبه‌ران، ته‌قه‌كردنێكی كوێرانه نییه، به‌ڵكو راسپێردراون كۆڵبه‌ران بكوژن.
پارێزه‌ر حوسێن ئه‌حمه‌دی نیاز، كه له هۆڵه‌ندا داده‌نیشێ ده‌ڵێت: "كۆڵبه‌ری وشه‌یه‌كی داهێنراو نییه بۆ كێشه‌نانه‌وه بۆ به‌رپرسانی ئێران، به‌ڵكوو به‌رهه‌می چل ساڵ هه‌ژاری، بێكاری، جیاوازى و نایه‌كسانییه كه ده‌وڵه‌ت سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا".
ئه‌حمه‌دى نیاز كه پێشتر پارێزه‌رى چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى كۆڵبه‌ران بووه، ده‌ڵێت: "دادگاكانی ئێران سیسته‌مێكی ئێجگار تێكچڕژاویان هه‌یه، له‌جیاتى ئه‌وه‌ى پارێزگاری له مافى خه‌ڵكی هه‌ژار بكه‌ن، له به‌رژه‌وه‌ندیی حكومه‌ت بڕیار ده‌ده‌ن". هه‌ر بۆیه هیچ له‌و دۆسیانه‌ى ئه‌و كارى تێدا كردوون له به‌رژه‌وه‌ندى كۆڵبه‌ران یه‌كلایى نه‌بوونه‌ته‌وه.
ساڵی 2017 ده‌وڵه‌ت گهڵاڵهنامهیهكى په‌سه‌ند كرد، بڕیاری دا كۆڵبه‌ری به ته‌واوه‌تی راگرێت و له‌بری ئه‌وه بازرگانیی (پیله‌وه‌ری) بخرێته شوێنی. به‌ڵام ئه‌مه زۆربه‌ى كۆڵبه‌ران ناگرێته‌وه. هه‌روه‌ها باجی قورس له‌سه‌ر ئه‌و كاڵا و شتومه‌كانه داده‌نێت كه هاورده ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه كۆڵبه‌ران له‌سه‌ر شێوازى خۆیان به‌رده‌وام بوون.
به گوێره‌ى گه‌ڵاڵه‌ی رێكخستنی رێچكه سنوورییه‌كان، كارتی كۆڵبه‌ری كه پێشتر به كۆڵبه‌ران درابوو، پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه و له‌بری ئه‌وه تا قووڵایی 20 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر سنوور، كارتی بازرگانی ده‌درێ به سه‌رۆك خێزانه گوندنشینه‌كان. به كارتی بازرگانی هه‌ر خێزانێك ده‌توانێ مانگانه بایى 500 هه‌زار تمه‌ن كاڵا هاورده بكات.
هیوا ساڵحی كه دانیشتووى مه‌ریوانه، ده‌ڵێت: "داهاتی مانگانه‌ى 500 هه‌زار تمه‌ن دادی خه‌رجیی خێزانێك نادات و ده‌وڵه‌ت به جێبه‌جێكردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه هه‌لومه‌رجی ژیانی خه‌ڵكی سه‌ر سنوور دژوارتر ده‌كات".
موحسین بیگله‌ری، نوێنه‌ری شاره‌كانی سه‌قز و بانه له په‌رله‌مانی ئێران به (رووداو)ى گوت: "بڕیاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت، ژیان و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانی دانیشتووی سنوور ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، بژێوی 80%ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و داهاتانه‌ی له‌ڕێی سنووره‌وه دهستیاندهكهوێ". بیگله‌ری هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له ده‌وڵه‌ت هه‌یه كه ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی پێشتر به خه‌ڵكی دابوون، بباته سه‌ر و هه‌رچی زووتره ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه هه‌موار بكاته‌وه".
هه‌ر له‌وباره‌وه عه‌بدولكه‌ریم حوسێنزاده، نوێنه‌ری شاره‌كانی نه‌غه‌ده و شنۆ له پارله‌مانی ئێران و ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی ئاوه‌دانكردنه‌وه، پێیوایه سنووره‌كان ده‌رفه‌تێكی باش به ئێران ده‌دات بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى ئابووری، به مه‌رجێك به باشی كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێت.
حسه‌ینزاده به (رووداو)ی گوت: "كاتێك ئێران نه‌توانێ ئاسایشی سنووره‌كانی دابین بكا و له ناوچه سنوورییه‌كان سه‌رمایه‌گوزاریی ئابووری و پیشه‌سازی بكات، ناتوانێ هیوای به‌وه هه‌بێ كه دۆخی كۆڵبه‌ران رێكبخات و له‌و دۆخه رزگاریان بكات".
تاوه‌كو ئێستا چه‌ند جارێك نوێنه‌رانى كورد له په‌رله‌مانى ئێران، دۆسیه‌ى كۆڵبه‌رانیان وروژاندووه و داوایان كردووه یاسایه‌ك له به‌رژوه‌ندى كۆڵبه‌ران ده‌ربچێ، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه كۆده‌نگى بۆ به‌ده‌ستبهێنن.
دوایین پڕۆژه‌یاسا كه نوێنه‌رانی كورد پێشكه‌شیان كردووه، قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌قه‌كردنه له كۆڵبه‌ران.
جه‌لال مه‌حموودزاده وه‌ك گهڵاڵهكاری ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه له په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند بكرێت، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پێش به كوشتنی كۆڵبه‌ران ده‌گیرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ