رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێوەی سەرەتایی رێککەوتوون کە مووچەی مووچەخۆران بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە، بڕیاریشە سێشەممەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی هەمواری یاسای بودجە بباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
رۆژی 06-01-2024 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی گەیشتنە بەغدا و بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی، شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ماوەی دوو رۆژدا شاندەکەی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی درێژخایەنیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کردووە، لە کۆبوونەوەکە هەردوولا کۆک بوون لەوەی کە یاسای بودجە یاساییەکی "باش نییە و وەکو خۆی کار ناکات"، بۆیە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.
لە کۆبوونەوەکاندا، هەردوولا رێککەوتنێکی سەرەتاییان کردووە و رێککەوتوون کە مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە "خەرجیی راستەقینە" جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە، هەروەها خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبەسترێتەوە بە پرسی هەناردکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
رووداو زانیویێتی، شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە کە بابەتی مووچە جیابکرێتەوە لە هەموو گفتووگۆکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، مووچەخۆران دووربخرێنەوە لە ململانێ سیاسییەکان، لایەنی عێراقیش لەسەر ئەو خاڵە رەزامەندی خۆیان پێشانداوە.
ئەو خاڵەی تاوەکو ئێستا هەولێر و بەغدا لەبارەیەوە نەگەیشتوون بە رێککەوتن، بابەتی تێچووی دەرهێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی عێراق بەو تێچووە رازی نییە کە کۆمپانیاکان وەریان گرتووە لە پێشووتردا، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەکە لیژنەیەکی وزاری دروست بووە کە محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە وەزیری نەوت و دارایی عێراق ئەندامن و کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە لیژنەکدا ئەندامە.
هاوکات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق بەنیازبێت مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بابەتە بباتە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەکە بڕیار لە ناردنی 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بدرێت.
لە ماوەی رابردوودا محەممەد شیاع سوودانی بە شاندی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدای گوتبوو، ئەوان بەمزوانە هەمواری یاسای بودجە ئامادە دەکەن و رەوانەی پەرلەمانی دەکەن، بەڵام هەرچی رازیکردنی لایەنەکانی نێو پەرلەمان لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانە تاوەکو رێگری لەبەردەم هەموارەکەدا دروست نەبێت.
هەرچەندە شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەری مووچەوە پێشنیازیان داوەتە عێراق تاوەکو لەسەر میکانیزمێک مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە راپۆرتێکدا شەوی رابردوو، 10-01-2024، گوتی، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاویان لەوەیە لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت. بەپێچەوانەی ویستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە کە ئومێدیان لەسەر ناردنی پارە هەڵچنیوە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە 13.4 تریلیۆن دینارى بۆ بودجەى بەکاربردنە کە مووچەى فەرمانبەران بەشێکە لە بودجەکە.
بە گوێرەى بڕگەى دووى مادەى 11ـی یاساى بودجەى گشتیى، پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـى خەرجى "راستەقینە" دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ