وەزیری دادی عێراق: زیندانییانی داعش ناگوێزرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ کام لەو زیندانییانەی داعش، لە زیندانەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستاندا بوون، بگوێزرێنەوە هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە بەغدا لە زیندانێکی دیاریکراودا رادەگیرێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق سەبارەت بە گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ عێراق بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا راگەیاند: ''هەموو ئەوانەی دەبووایە بگوێزرێنەوە، هێنراونەتە عێراق، تەنیا یەک قۆناخ ماوە و ئەمڕۆ یان سبەی کۆتایی بە پڕۆسەکە دەهێنرێ.''
 
خالید شوانی رەتیکردەوە زیندانییەکان بگوێزرێنەوە هەرێمی کوردستان و گوتی: ''هەموویان لە زیندانێکی دیاریکراو لە بەغدا رادەگیرێن کە هاووڵاتیی زیاتر لە 60 وڵاتن و زۆرینەیان سوورین.''
 
بەگوتەی وەزیری دادی عێراق، ئەرکی گواستنەوەی ئەندامانی زیندانیکراوی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ بەغدا، لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، ''تیمێکی ئەمنی بۆ گواستنەوەیان دروست کراوە کە هێزە عێراقییەکان، سووریایی و ئەمریکییەکانیان تێدایە.'' 
 
خالید شوانی سەبارەت بە ئەگەری رادەستکردنەوەی زیندانییەکان بە حکومەتی وڵاتانی خۆیان دەڵێت: ''هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بەردەوامە و داوا لە وڵاتان دەکەین، هاووڵاتیی خۆیان وەربگرنەوە.''
 
وەزیری دادی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، چەکدارانی پێشووی داعش کاتێک رادەستی وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە کە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دەربکەوێ خەڵکی عێراقیان نەکردووە ئامانج.
 
ئەو زیندانییانەی گوێزراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیەکیان ئەمیرانی پێشووی داعش بوون. خالید شوانی ئاماژەی بەوە کرد، 165 کەس لە زیندانییەکان هاووڵاتیی تورکیان. لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، رادەستیان بکەینەوە.''
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە رووداو لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکەی 5000 چەکداری پێشووی داعش هێنراونەتە نێو عێراق.
 
ئەم دەستگیرکراوانە بەشێکن لەو 7000 گومانلێکراوەی کە سوپای ئەمریکا لە مانگی رابردووەوە دەستی بە گواستنەوەیان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون و چەکدارەکانی داعشیان تێدا دەستبەسەر بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تاڵانکردنی ماڵی هاونیشتمانییان لە سنووری کۆبانێ

چەکداران لە سنووری کۆبانی بە رۆژی رووناک ماڵی کورد تاڵان دەکەن

لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆی سەر کۆبانێ، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی شارەکە دەستیان بە تاڵانکردن و تێکدانی ماڵی هاونیشتمانییان کردووە.