سەرۆکی جەهەپە نامەیەکی بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد: سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەت دەکەم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە ئەمشەو 30-03-2026 نامەیەکی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد و تێیدا هێرشی سەر ماڵەکەی لە دهۆک سەرکۆنە کرد.
 
سەرۆکی جەهەپە بەهۆی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، نامەیەکی "هاوخەمی" بۆ ناردووە و تێیدا هاتووە، "بەڕێز سەرۆک، بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی هێرشی سەر ماڵەکەی دهۆکتانم بیست. بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم و هیوای سەلامەتی بۆ ئێوە، ئەندامانی خێزانە بەهادارەکەتان و خەڵکی هەرێمی کوردیی عێراق دەخوازم."
 
ئۆزەل هەروەها رایگەیاندووە، ئامانج لەو جۆرە هێرشانە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە و دەڵێ کە جەهەپە لەگەڵ دیالۆگ و ئاشتیی هەمیشەییە لە ناوچەکەدا.
 
سەرۆکی جەهەپە هیوای خواست جارێکی دیکە رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و ئاسایش، ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بێت.
 
رۆژی 28ی ئادار لە پارێزگای دهۆک بە درۆن هێرش ئەنجامدرا و یەکێک لە درۆنەکان بەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت.
 
ئەم هێرشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی تووند بووەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە دژی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان هەنگاو بنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە