رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی هەینی 27ـی ئاداری 2026 لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئەنجامدرا، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 31 ـی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە، باس لەوە کراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی پرۆسەکە گەیشتووەتە "قۆناخێکی گرنگ" و ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستاندن، ویستی دیموکراسی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێ.
رۆڵی پەرلەمانی تورکیا گرنگە
ئۆجەلان سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بەرپرسیارێتییەی پەرلەمانی تورکیا لە پرۆسەکەدا لە ئەستۆی گرتووە و بە شاندەکەی راگەیاندووە، ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی کۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، بۆ بەهێزبوونی ویستی چارەسەری، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ کراوە بن و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت "دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست بدرێن".
کۆمەڵگەی دیموکراسی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشە
ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی راگەیاندووە، کۆمەڵگەی دیموکراسی زامنی داهاتووە بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی نیشتەجێی تورکیا و ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکات، نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت.
ئۆجەلان: سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە
لە راگەیێندراوەکەدا بە فراوانی ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆجەلان گوتوویەتی، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بایەخی پرۆسەکەیان زیاد کردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتووەتە پێشەوە.
ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە لە ناوچەکەدا سێ هێڵی جیاواز دەرکەوتوون: تەوەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەم کە بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ناوی بردووە.
ئۆجەلان رایگەیاندووە: "وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەم پێکرد، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە. چی دیکە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە" و جەختی لەوە کردوەتەوە کە پرۆسەکە "گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ کۆماری دیموکراسیدا".
بەهێزکردنی دیموکراسی
ئۆجەلان رایگەیاندووە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و پرسی سەرەکی کەموکوڕییە لە دیموکراسییدا و رایگەیاندووە: "دیموکراسی تاکە چارەسەرە کە بەهێزبوونی کۆمار مسۆگەر دەکات."
ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە پێویستە تێڕوانینێک پەرەی پێبدرێ کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دەوڵەتیش ئەم پرۆسەیە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی نەبینێت.
بەشداریکردن لەسەر بنەمای ناسنامە و ئازادی
ئۆجەلان گوتوویەتی، بەشداریکردن لە کۆماردا دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامە، ئازادیی رادەربڕین، مافی رێکخستن و ئازادیی ژنان بێت و رایگەیاندووە، ئەم مافانە تەنیا بۆ کورد نیین، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەن.
ئۆجەلان هەروەها سەرنجی خستوەتە سەر گرنگیی گەیاندنی بۆچوونەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە بە شێوازی دروست بە رای گشتی و رایگەیاندووە، چارەسەری دەتوانێت بە مۆدێلێکی یەکگرتنی دیموکراسیی کۆمەڵگە بێت و گوتی، ئەمەش پێویستی بە دیموکراسیی گشتگیر و بەکۆمەڵی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و رێبەری پەکەکەیە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە، سزای زیندانی تاهەتایی قورسکراو بەسەر دەبات.
لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
دوای ئەمە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا.
پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.
دەقی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی:
لە رێکەوتی 27ی ئاداری 2026دا، لە چوارچێوەی ئەو دیدارانەی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامی دەدەین، کۆبوونەوەیەکمان لە دوورگەی ئیمراڵی کرد.
لە دیدارەکاندا بە روونی بیندرا کە پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ. ئەوە خرایەڕوو کە رێگەی چارەسەری بابەتێکی فرە رەهەندە و دەبێت لەگەڵ رەهەندەکانی دانوستاندن، ویستی دیموکراسی و بەرپرسیارێتی مێژوویی پێکەوە هەڵبسەنگێندرێن.
ئاماژە بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییە کرا کە پەرلەمانی تورکیا لەم پڕۆسەیەدا گرتوویەتیە ئەستۆ، جەخت لەوەش کرایەوە کە زۆر گرنگە ئەو کارانەی دوای راپۆرتی کۆمیسیۆن ئەنجام دەدرێن، بێ ئەوەی کاتی زۆریان بۆ تەرخانبکرێ، بخرێنە نێو چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر و تەواوکارییەوە.
وەک شاند، لەو هەڵسەنگاندنانەی ئەنجاممان دان، وەک بۆچوونێکی هاوبەش ئەوە دەردەکەوێ کە بۆ ئەوەی دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست نەچن و ویستی راستەقینەی چارەسەری بێتە دی، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ بە کراوەیی بمێننەوە و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت.
جارێکی دیکە جەخت کرایەوە کە کۆمەڵگەی دیموکراسی بۆ هەموو گەلان و خاوەن بیروباوەڕەکانی نیشتەجێی تورکیا گەرەنتیی پاشەڕۆژە. بڕوامان وایە هەر کەسێک بە دروستی لەم پڕۆسەیە تێبگات و بە بەرپرسیارێتییەوە لێی نزیک بێتەوە، نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش دەباتەوە.
کورتەی هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلان لە کاتی دیدارەکەدا بەم شێوەیەیە:
"نابێت بە بیرتەسکییەوە لەم کێشە گەورەیە بڕوانین کە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین، چونکە پلانە هەژموونخوازە قووڵەکان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن. لە کاتێکدا لە سووریا لەگەڵ دۆخە پڕ لە ئازارەکاندا، تاوەکو ئاستێکی دیاریکراو گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ روودەدەن، ئێستا جەنگی ئێران لە رۆژەڤدایە. لە جەنگی ئێراندا سێ ئاراستە دەرکەوتوون: یەکەم، هێڵی ئەمریکا-ئیسرائیلە. دووەم، هێڵی هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەییە بە سەرکردایەتیی بەریتانیا کە مەبەستیان پاراستنی دۆخەکەیە. سێیەم، ئەو ئاراستەی دیموکراسی و ژیانی هاوبەشەیە کە ئێمە لە رێگەی 'پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی'ـەوە بەرگری لێ دەکەین. پێشهاتەکانی ئێران، جارێکی دیکە رەوایی و گرنگیی ئەو پڕۆسەیەی لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، سەلماندەوە.
ئێمە چارەسەرییەک لەسەر تەوەرەی ئەنادۆڵ-میزۆپۆتامیا بە بنەما دەگرین. پەیوەندیی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا رەگ و ریشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە. یەکەم گەورە رێککەوتنی ئاشتی لە مێژوودا، رێککەوتنی 'قادیش' بوو لە نێوان هیتییەکان و میسرییەکان. مێژووی سیاسیی چوار هەزار ساڵەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشانی دا کە ئاسایشی ئەنادۆڵ بە نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و میزۆپۆتامیادا تێپەڕ دەبێت. تێکەڵبوونی دیموکراسی، گوزارشتە لە بەشداربوونی کولتووری میزۆپۆتامیا وەک بوونێکی دیموکراسی.
ئێمە کێشەمان لەگەڵ کۆمار نییە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە کۆمار دیموکراسی نییە. دیموکراسی تاکە چارەسەرە کە بەهێزبوونی کۆمار دابین دەکات.
نابێت باسکردنی هەڵە، تووندڕۆیی و نادیموکراسیبوونی وڵاتان و کۆمەڵگەکان لە قۆنازە مێژووییەکاندا، وەک دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان سەیر بکرێ و بە نامۆ ببینرێت. دەبێت ئەوە بگوترێ کە بەرگریکردن لە تواندنەوە بە بیروباوەڕێکی ئەرێنییانە، وەک کراسێکی تەسک وایە کە کرابێتە بەری ئەم وڵاتە.
هەروەک لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتدا گوتم، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە. چی دیکە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە. ئەو قۆناخەی تێیدا دەژین، قۆناخی گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی لەگەڵ کۆمارێکی دیموکراسی. ئەگەر ئەو پڕۆسەیەی ئارەزووی دەکەین سەرکەوتوو بێت، کۆمار دوو هێندە بەهێزتر دەبێت. ئەوەی پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراسی، تا ئاستێکی زۆر چارەسەرییەکی وەها بە بنەما دەگرێ. دەبێت تێگەیشتنێکی وەهای هاووڵاتیبوون و کۆمەڵگەیی پەرە پێ بدەین کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەت بە شێوازێکی ئەرێنی رێکبخاتەوە. دەوڵەتیش دەبێت لێرەدا ئەوە ببینێت کە هیچ چالاکییەکی تێکدەرانە یان هەڕەشەیەکی ئەمنی لە ئارادا نییە.
بەشداربوون لە کۆمار دەبێت بە ناسنامە، بە ئازادیی رادەربڕین و فیکر، بە ئازادیی رێکخراوەیی و بە ئازادیی ژنان بێت. ئەمانە تەنیا بۆ کورد نین، بەڵکو کایەی ئازادین بۆ هەموو کەسێک.
لەو چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بیرۆکەکانم سەبارەت بە پڕۆسەکە بە دروستی تێبگەین، بە گرنگی دەزانم بە شێوازێکی گونجاو بگاتە دەستی تەواوی رای گشتی.
چارەسەری تێکەڵبوونی دیموکراسی، پشت بە نزیکبوونەوەیەکی کۆمەڵگە-تەوەر دەبەستێت. چارەسەری کۆمەڵگە-تەوەر پێویستی بە دیموکراسیی گشتگیر و بەکۆمەڵی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ