پارتی دیموکراتی کوردستان: 474 هێرش کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان

33 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامارێکی لەسەر ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە لە ماوەی 30 رۆژی رابردووی جەنگدا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارەکە، "ئێران و میلیشیا عێراقییەکان" سەدان جار خاکی هەرێمی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، لە ماوەی یەک مانگی جەنگدا، سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرشی کردووە. هەروەها، گرووپە میلیشیاکانی ناو خاکی عێراق، کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، 295 هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
 
ئامارەکە نیشانی دەدات، پارێزگەی هەولێر زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر:
 
هەولێر: 370 هێرش
سلێمانی: 90 هێرش
دهۆک: 11 هێرش
هەڵەبجە: 3 هێرش
 
لە هێرشەکاندا جۆرە جیاوازەکانی چەک و تاکتیک بەکارهێنراون، کە درۆنی بۆمبڕێژکراو زۆرترین بووە:
 
درۆنی بۆمبڕێژکراو: 359 جار 75.74٪
 
مووشەک: 104 جار 21.94٪
 
تۆپباران: 10 جار 2.11٪
 
هێرش بە چەکی سووک: 1 جار 0.21٪
 
لە ئامارەکەدا هاتووە، 228 هێرش، کە دەکاتە نزیكەی 60.76٪ـی کۆی هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکان، لە لایەن سیستمە بەرگرییەکانەوە تێکشکێندراون، پووچەڵ کراونەتەوە یان نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ئامانجانەی بۆیان دیاریکرابوو.
 
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن، هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتەوە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە