رووداو دیجیتاڵ
سەعید شاهرۆخی، پارێزگاری لۆڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 71 هێرش کراوەتە سەر 10 شاری ئەو پارێزگایە و بەو هۆیەوە هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی کراونەتە ئامانج.
بە گوتەی پارێزگاری لۆڕستان، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا دوو هەزار و 500 یەکەی بازرگانی و نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە. سەعید شاهرۆخی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری کوژراو و بریندارەکان بکات، ئەوەی خستەڕوو کە لە 112 شوێن و ناوەندی جیاوازی پارێزگاکە دراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر شاری خوڕماوای سەنتەری پارێزگاکە و شاری کۆدەشت چڕبوونەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، مانگی سووری کۆدەشت ئاشکرای کردووە، تەنیا لەو شارەدا 11 کەس کوژراون و 147 کەسی دیکەش بریندار بوون.
شاری کۆدەشت دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای لۆڕستان و بە هەبوونی نزیکەی 200 هەزار دانیشتوو، چوارەم گەورە شاری پارێزگاکە هەژمار دەکرێت. دانیشتووانی شارەکە پێکهاتوون لە کوردانی لەک و لۆڕ و ناوچەکەیان هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ