رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11-03-2026، چەند پێگەیەکی سەربازی و ئەمنی لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانج، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە بۆردوومانکردنی چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران و هێزە سنوورییەکان دەکەن لەو شارانە.
کاژمێر 01:46 خولەکی دوای نیوەڕۆ، چوار بۆ پێنج هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر شاری مەریوان، هێرشەکان بارەگاکانی هێزی سنووری و سوپای پاسدارانیان لە ناوچەکانی بیلە و چاوگ و بەردەڕەشە کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەدەن لەنێو شاردا، بارەگای ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە شەقامی "موعەلیم" و دوو بورجی چاودێریی هەواڵگری لەسەر "لوتکەی ئیمام" و ناوچەی "چاوگ" کراونەتە ئامانج و خاپوور کراون، هەروەها بنکەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە شێوە کراوەتە ئامانج.
ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەریوان چەند جارێکی دیکە هێرشیکرایەسەر تێیدا بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران، فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان، بارەگای رەمەزان و بنکەی ئۆپەراسیۆنیی "بیلە" کرابوونە ئامانج.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی قەبارەی زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
هەر، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنکەیەکی پۆلیس لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە ئامانج و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە بیسترا.
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر 1:45 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرش کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی 12ـی سەقز کە دەکەوێتە گەڕەکی زانکۆ و لە هەردوو گوندی ئایەنان و سونەتە بنکەی سوپای پاسدارن و بنکەیەکی پۆلیس لەسەر رێگەی سەقز - سنە کرانەتە ئامانج
هەروەها لە ئیلام و ئاودانانیش دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراون. بەگوێرە زانیارییە سەرەتاییەکان، لە شاری بانەش ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدران لە نزیک پارکی فەلەستین کراوەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ