ڕووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، کارمەندانی کۆنسووڵخانەی گشتی وڵاتەکەی "بە شێوەیەکی کاتی" لە هەولێر گواستوونەتەوە. کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەش لە بەغدا گوێزراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە کارکردنی کارمەندانی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، فەرمانبەرانی کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر نەماون.
بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا وەزیری دەرەوە بڕیاریدا بۆ پاراستنی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە لە عێراق رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر. لەم چوارچێوەیەدا فەرمانبەرانی کۆنسووڵخانەی گشتیی هەولێر بە شێوەیەکی کاتی بۆ دەرەوەی عێراق گوێزراونەتەوە."
رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2026ش گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاند، فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا گوێزراونەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر نەدابوو.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە لە 28ی مانگی رابردووەوە جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگیرساوە و گرژییەکی زۆر ناوچەکەی گرتوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ