رووداو دیجیتاڵ
هۆڵەندا پارە بۆ پڕۆژەیەکی دامەزراندنی گەنجان دابین دەکات، ئەویش لە رێگەی بەستنەوەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ئامادەکردنی گەنجان بۆ بازاڕی کار.
ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن کۆمپانیای WEDO جێبەجێ دەکرێت و ئامانجیەتی گەنجان بە کارامەیی دیجیتاڵی و داهێنانی پراکتیکی ئاشنا بکات. بە پەرەپێدانی هاوبەشی لەنێوان زانکۆکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان، ئاسانکاری بۆ مەشقکردن و، پێشکێشکردنی بەرنامەی راهێنانی تایبەت، پڕۆژەکە هەوڵدەدات گەنجان بەهێز بکات بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کاری باش و گونجاو.
یۆرت پۆستسوموس، جێگری کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە پایەکانی سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووریمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی کارسازیی گەنجان و دامەزراندنی گەنجان."
پۆستسۆمۆس هەروەها گوتی، "پڕۆژەی دامەزراندنی گەنجان وەکو تاقیگەیەکە بۆ راهێنانی دەرچووانی تازە و بەستنەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت. ئەم پرۆژەیە بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆ هاوبەشەکان دەکرێت. بە ئامانجی هاندانی زانکۆکان بۆ دابینکردنی توانای دامەزراندن و کارامەیی بازاڕی پیشەیی بۆ خوێندکارەکانیان."
پڕۆژەی دامەزراندنی گەنجان گرنگی دەدات بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان خوێندن و دامەزراندن، کە رووبەڕووی گەنجان لە هەرێمی کوردستاندا دەبێتەوە. هەروەها پرۆژەکە، پەرە بە کارگێڕی دەدات، راوێژکاری پیشەیی پێشکێش دەکات، داکۆکی لە ژینگەی شوێنی کار و پاراستنی باڵانسی جێندەر دەکات، هێزێکی کاری لێهاتوو پەروەردە دەکات و هانی گەشەی ئابووری لە کوردستان دەدات.
د. بەیار شەهاب، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای WEDO بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆگرامی دامەزراندنی گەنجان کار لەسەر بەستنەوەی خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووانی زانکۆ بە هەلی کارەوە دەکات". گوتیشی، "ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی لێهاتوویی و ئەزموونی کردەیی، کە پێویستیانە لە رێگەی فێربوون، راهێنان و گەشەپێدان بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن لە بازاڕی کاردا."
یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، رێکخستنی ئیڤێنتێکی گەورەیە لە رۆژی 21ی ئایار لەلایەن کۆمپانیای WEDO لە هەولێر بە ئامادەبوونی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، نوێنەری رێکخراوەکانی گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ