بەهۆی رووخانی پردێکەوە خەریکە 15 گوندی پشدەر دەبنە دوورگەیەکی دابڕاو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
رووخانی پردی چەمی خاس کێشەی بۆ دانیشتووانی پشدەر دروست کردووە
رووخانی پردی چەمی خاس کێشەی بۆ دانیشتووانی پشدەر دروست کردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی ئاستی ئاوی زێی بچووک، لێدانی دڵی دانیشتووانی بناری چیای ئاسۆس خێراتر دەبێت. ئەمجارە لافاو تەنیا ئاوی نەهێنا، بەڵکو تاقە پردی پەیوەندیی 15 گوندی ناوچەکەی لەگەڵ خۆی راماڵی و دانیشتووانەکەی خستە نێوان دوو بژاردەی تاڵ: یان ڕێگەیەکی پڕ مەترسی و دوور، یان پەڕینەوە بە بەلەمێکی بچووک لەناو شەپۆلە کڕەکانی زێدا.
 
پردی (چەمی خاس) کە بە ماندووبوون و تێچووی گیرفانی خەڵکەکە خۆیان وەک چارەسەرێکی کاتی دروستکرابوو، نەیتوانی بەرگەی زستانی ئەم ساڵ بگرێت. ئێستا ئەو دەمارە سەرەکییەی گوندەکانی بناری ئاسۆسی بە قەزای پشدەرەوە دەبەستەوە، پچڕاوە.
 
"ژیانم لەسەر دەستمە"
 
وەتمان حوسێن، یەکێکە لەو کەسانەی بژێوی ژیانی لەوبەری ئاوەکەیە. ئەو کە خاوەنی چەندین سەر جوانەگایە، ئێستا بۆ گەیاندنی ئالیک بۆ ئاژەڵەکانی، ناچارە رۆژانە یاری لەگەڵ مەرگ بکات. بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا ناچارم بۆ گەیاندنی ئالیک بە جوانەگاکانم، ژیانم بخەمە سەر دەستم و بەم بەلەمە بچووکە لە ئاوە خێراکە بپەڕمەوە."
 
وەتمان دەڵێت، ئەم ناوچەیە تەنیا چەند گوندێکی چۆڵ نییە، بەڵکو جەمسەرێکی گرنگی کشتوکاڵ و حەوزەکانی ماسییە و رۆژانە قوتابییان و کرێکاران پێویستیان بەو رێگەیە هەیە.
 
15 خولەک بووەتە کاژێرێک
 
رووخانی پردەکە، دووریی نێوان گوندەکان و چەقی شار (قەڵادزێ)ی لە 15 خولەکەوە کردووەتە زیاتر لە کاژێرێک. خەڵکی ناوچەکە ئێستا ناچارن بە پردی دەربەندی رانیەدا بسوڕێنەوە، ئەوانەشی توانای داراییان نییە، دەبێت باجی مەترسی بدەن.
 
حوسێن رەسوڵ، کە کرێکارێکی حەوزەکانی ماسییە، باس لە لایەنە داراییەکەی دەکات و دەڵێت: "بۆ هەر جارێکی پەڕینەوە بەو بەلەمانە، دەبێت دوو هەزار دینار بدەین. خەڵکەکە نەدارە و توانای ئەو تێچووەی نییە."
 
ئازاری ئەم گوندانە لەوەدایە کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای دووکانن، بەڵام هەموو ژیان و بژێوی و خوێندن و تەندروستییان لە قەڵادزێیە. ئەمە وایکردووە لە نێوان هەردوو قەزاکەدا داواکارییەکانیان وەک پێویست جێبەجێ نەکرێت.
 
دانیشتووانی بناری ئاسۆس دەڵێن چیدی بڕوایان بە "پردی کاتی" و "دار و ئاسن" نەماوە. پەیامی ئەوان بۆ حکومەت روونە: "پێویستمان بە پردێکی کۆنکرێتی و جێگیرە." تاوەکو ئەو کاتەی پردێکی وا دروست دەکرێت، 15 گوندەکە وەک دوورگەیەکی دابڕاو دەمێننەوە و چاویان لە ئاسمانە تا بزانن کەی ئاستی ئاوی زێ دادەبەزێت بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بگەنەوە شار.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کشتوکاڵی هەولێر بۆ رووداو: هەر کەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانە ئاژەڵ سەرببڕێ سزا دەدرێ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و پۆلیس، لیژنەیەکی بۆ چاودێریکردنی مەیدانی ئاژەڵان پێکهێنا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵیش دەڵێت: "هەر کەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانە ئاژەڵ سەرببڕێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە."