سەرۆکی یەکێتیی زانایان: هیچ رێگرییەکی شەرعی بۆ قورئانخوێندنی ئافرەتان بە دەنگی بەرز نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە بەڵگە دەیسەلمێنێت کە قورئانخوێندنی ئافرەتان بە دەنگی بەرزەوە رێگەپێدراوە و دەشڵێت: ''رۆژووی ئافرەتان بەبێ باڵاپۆشیش قبووڵکراوە.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026، د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشیکرد، لەبارەی قورئانخوێندنی ئافرەت بە دەنگی بەرزەوە گوتی: ''هیچ رێگەییەکی شەرعی نییە و رێگەپێدراوە.''
 
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، ئاماژەی بە ئایەتەکانی قورئان و دەقە ئایینییەکان کرد و گوتی، باڵاپۆشی مەرج نییە بۆ رۆژووگرتنی ئافرەتان و بەبێ باڵاپۆشیش دەتوانن رۆژوو بگرن.
 
دەقی قسەکانی عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان:
 
رووداو: هەندێک کەس پێیوایە رۆژووی ژنان بەبێ باڵاپۆشی قبووڵ نابێ، رای ئێوە چییە؟
 
د.عەبدوڵڵا سەعید وەیسی: بابەتی قبووڵبوونی رۆژووگرتن یان قبووڵنەبوونی، بڕیارێکە تایبەت بە خودای گەورە، بەڵام ئێمە چاو لە خودی دەقەکان دەکەین، بەڕۆژووبوون بەبێ باڵاپۆشی (سفووری) دوو بابەتی جیان. یەکێک لە مەرجەکانی بەڕۆژووبوون ئەوە نییە ئافرەت خۆی دابپۆشیت، کەواتە نە روکنی رۆژووە، نە مەرجی رۆژووشە. ئەو ئافرەتەی کە باڵاپۆش نییە و بەبێ باڵاپۆشی بەڕۆژوو دەبێ، لە باڵاپۆشییەکەدا کەمتەرخەمە، بەڵام رۆژووگرتنەکەی قبووڵە. واتە دوو شتی جیان. ناکرێ پێکەوە ببەسترێنەوە، خۆ ئەگەر ئافرەتەکە خۆی دابپۆشێت و بەڕۆژوو بێت، باشترە. بەڵام ئەگەر بۆی نەگونجا، هەر بەبێ باڵاپۆشی مایەوە و پێیخۆش بوو بەڕۆژوو بێت، ئینشائەڵڵا رۆژووەکەی قبووڵە و لە بواری باڵاپۆشییەوە بە کەمتەرخەم هەژمار دەکرێت.
 
رووداو: خاتوونێک هەیە سەمیرا کارزان، دەڵێ من لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە قورئان دەخوێنم، ئێستا کە قورئانی بە دەنگ خوێندووەتەوە، هەڵای لەسەر دروست بووە.  ئایا قورئانخوێندن بۆ ئافرەتان بە دەنگی بەرز حەرامە؟
 
د.عەبدوڵڵا سەعید وەیسی: سوپاس بۆ ورووژاندنی ئەم پرسیارە، بەڵام کاتی تەواوم پێبدە بۆ ئەوەی بە تەواوی روونی بکەینەوە. خاڵی یەکەم هیچ رێگرییەک لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری خودا (د.خ) نییە کە رێگر بێت لەوەی ئافرەت قورئان بخوێنێت.
 
هەروەها بەشێکی یەکجار زۆر لە زانایانی فیقهی ئیسلامی رێگەیان داوە ئافرەت بە دەنگیش قورئان بخوێنێت، بۆ خۆی بخوێنێت و بە دەنگیش بخوێنێت.
 
خاڵی سێیەم، کێشەکە لە چیدایە؟ کێشەکە لە تێگەیشتن لە ئایەتێکی قورئانە کە خودای گەورە لە ئایەتی سوورەتی ئەحزاب روو لە ئافرەتانی پێغەمبەری خودا دەکات، دەفەرموێ: "يَا نِسَاءَ النَّبِيِّ لَسْتُنَّ كَأَحَدٍ مِنَ النِّسَاءِ إِنِ اتَّقَيْتُنَّ فَلَا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ فَيَطْمَعَ الَّذِي فِي قَلْبِهِ مَرَضٌ وَقُلْنَ قَوْلًا مَعْرُوفًا".
 
با من بە پوختی شی بکەمەوە، ناکۆکییەکە لەو ئایەتە لەسەر ئەوە دروست بووە کە ئایا دەنگی ئافرەت عەورەتە یان نا، مەبەستمان لە عەورەت لێرە ئەوەیە کە ئایا ئەو دەنگە دروستە کەسی بێگانە بیبیستێت یان نا؟ دەنگی ئافرەت بە شتێکی نامۆ بۆ خەڵکی بێگانە دادەنرێت یان نا؟ زۆربەی زانایانی فیقهی ئیسلامی، بەتایبەتی حەنەفییەکان زۆرینەی مالیکییەکان، زۆرینەی شافیعییەکان، ئیمامی ئەحمەدیش، ئیبنی حەزمی زاهیریش لەگەڵ ئەوەدان کە دەنگی ئافرەت عەورەت نییە، واتە ئاساییە خەڵکی بێگانە گوێی لە دەنگی ئافرەت بێت، هیچ گومانی تێدانییە.
 
کەواتە کاتێک دروست بێت من وەک بێگانەیەک گوێم لە دەنگی ئافرەت بێت، زۆر ئاساییە قورئانیش بخوێنێت، گوێم لە دەنگی قورئانخوێندنەکەش بێت، چونکە هیچ دەقێکی دیاریکراو نییە، بۆ ئەوەی رێگر بێت لەوەی ئافرەت قورئانی پیرۆز بخوێنێت. بۆیە ئەو دەنگۆیەی کە ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیا دروست بوو، پێموایە شتێکی زیادە بوو و پێویست بەو گەورەکردنە نەبوو. زۆر ئاساییە ئافرەت بۆ خۆی قورئان بخوێنێت، بە رای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلام. بۆیە من لیرە دەڵێم ئیمامی شافیعی لە 'مەجمووع' کە کتێبێکی باوەڕپێکراوی فیقهی شافیعییە، راستەوخۆ دەڵێت کە دەنگی ئافرەت عەورەت نییە. لە 'موغنی موحتاج' کە کتێبێکی فیقهی شافیعییە لەوێ راستەوخۆ دەڵێت، دەنگی ئافرەت عەورەت نییە. 
 
هەروەها ئیمامی مالیک پرسیاریان لێکرد و گوتیان ئایا دروستە ئێمە وەک بێگانە گوێمان لە دەنگی ئافرەت بێت؟ گوتی ئەگەر دروست نەبێ ئەو هەموو حەدیسانە چۆن لە حەزرەتی عایشە گەیشتووەتە ئێمە. عایشە ئافرەت بوو، چۆن ئەو هەموو حەدیسانە لە عایشەوە گەیشتووەتە ئێمە. گوتی ئەگەر دروست نەبێ، ئێمە چۆن شایەتیی ئافرەت وەردەگرین؟ ئەگەر دروست نەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئافرەت دەکەین. چۆن سەردانی پزیشکی ئافرەت دەکەین؟ چۆن کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ئافرەت دەکەین. ئەوانەشیان بە رێگەی شەرعییەوە هەموویان دروستن. بۆیە دەڵێم کاتێک گوێگرتن لە ئافرەت لە شتی دونیایی دروست بێت، لە شتی قیامەتیش بە رێگەی گونجاودا دروستە، ئەم دەقەش مامۆستا بەڕێزەکان دەتوانن لە کتێبی 'مودەوەنە'ـدا بگەڕێنەوە سەری کە کتێبێکی باوەڕپێکراوە و دانەرەکەشی ئیمامی مالیکە کە سەرمەزهەبێکی ئایینی ئیسلامە. بە راشکاوانە دەڵێت ئەگەر لە کاروباری دونیا دروست بێت ئێمە گوێ لە ئافرەت بگرین و دەنگی ئافرەت عەورەت نەبێ، لە کاروباری قیامەتیش بە هەمانشێوەیە. بۆیە هیچ رێگرییەکی شەرعی نییە لەوەی کە ئافرەت قورئان بخوێنێت یان دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە لە قورئانخوێندندا.
 
رووداو: زۆر جار دەگوترێت کەسێک  کحول بخواتەوە تاوەکو 40 رۆژ نوێژ و رۆژووی قبووڵ ناکرێ. چەندە ئەو گوتەیە دەتوانێت راست بێت؟
 
د.عەبدوڵڵا سەعید وەیسی: هەر کەسێک تۆبەیەکی تەواو بکات، ئینجا لەسەر خواردنەوەی کحولی بێت یان هەر گوناحێکی دیکە، تۆبەکەش سێ مەرجی هەبن، یەکەم پەشیمان بێت لەو کردەوەیە و نەگەڕێتەوە سەری، بەردەوامیش بێت لەسەر تۆبەکە، چونکە نابێ تەنیا بەر لە رەمەزان تۆبە بکەیت، دوای رەمەزان تۆبەکە پووچەڵ بکەیتەوە. بەردەوامبوونی تۆبە یەکێکە لە مەرجەکانی قبووڵکردنی تۆبە، خودای گەورە رۆژووەکانی قبووڵ دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق

هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا: لەگەڵ سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆمان لەبارەى پەیوەندى هاوبەش کردووە

هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەعێراق راگەیاند، لەگەڵ سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لە بارەى پەیوەندى هاوبەش بۆ پاراستنى سەروەریى عێراق کردووە و جەختى کردەوە کە هەموو ئامرازەکان بۆ رێگرى لەو چالاکیانەى ئێران بەکاردەهێنن، کە سەقامگیریى عێراق تێکدەدەن.