رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی ژینگە و رێگری لە زێدەڕۆیی سەر سامانی سرووشتی کۆبوونەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی سووتاندنی پەرێزی گەنم و جۆ و تووندکردنی رێکارەکان دژی سەرپێچیکاران.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی ئەو وەزارەتە کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، ئامانجی کۆبوونەوەکە تووندوتۆڵکردنی هاوئاهەنگییەکان بوو بۆ پاراستنی سرووشتی کوردستان و رێگری لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر دارستانەکان، سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەنداو و دەریاچەکان.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە بایەخی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەپارێزی و پاراستنی سامانی ئاو، خاک و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و تیمی هاوڕێی، داتاکانی تایبەت بە زەوی و سەرچاوەکانی ئاویان خستەڕوو و چەند پێشنیازێکیان بۆ باشترکردنی هاوئاهەنگی نێوان دامەزراوەکان پێشکەش کرد، بە ئامانجی رێگری لە زێدەڕۆکاران و پاراستنی ژینگە و دارستانەکان.
بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:
- بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی سووتاندنی قەسەڵ و پەرێزی زەوییەکان لەلایەن جووتیارانەوە دوای وەرزی دروێنە، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر زەوی و زیندەوەران و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە.
- بڕیاردرا ژمارەی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکرێت.
- بڕیاردرا لەسەر کارکردنی پۆلیسی دارستان و ژینگە و فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سامانی سرووشتی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە، کە ئەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون بکرێنە گشتاندن و ئاراستەی سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و دامەزراوەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ بکرێن بۆ ئەوەی بەزووترین کات جێبەجێ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ