مەکتەبی سیاسیی پارتی: بڕیارماندا رەئی بە پەسندكردنی بودجە بدرێت

11-06-2023
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی رێگری لە "ئەو پیلانە بکەن" کە بۆ بچووکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئارادا بوو. دەشڵێت، "بڕیارماندا رەئی بە پەسندكردنی بودجە بدرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-06-2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پەسندکردنی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پارتی لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێویی هاووڵاتییانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و رێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و رێكکەوتنی حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ بێت و شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێمی کوردستان دابین بكرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە، لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجیدی هەوڵیانداوە "ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی رێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێمی کوردستان و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە."
 
ئەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.
 
دوای پەسندکردنی مادەی 14ـی بودجە، بڕگەی 8ـی ئەو مادەیە ناکۆکی لێکەوتەوە و پارتی رایگەیاند، یەکێتی "بە تاکڕەوی و دژی هەموو حیزبە کوردستانییەکان وەستانەوە" بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی دیکە جیابکەنەوە، ئەوەش "پێچەوانەی دەستوورە." دەشڵێت: ئەو بیرۆکەیەی ئەوان هەیانبوو، "بە ویستی ئەوان سەرنەکەوت و توانیمان ئامانجەکەیان لەنێوبەرین." یەکێتیش دەڵێت: هەنگاوەکەیان دەستوورییە و "گرەنتییە بۆ مووچەخۆران."   

 

وەک مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بودجەدا نەهاتووە، چونكە دەبوو ئەو دەقەی بودجە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەستكاریی نەكرابووایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسندكردنی بودجە بدرێت." 
 
هەروەها مەکتەبی سیاسیی پارتی "دەستخۆشی" لە فراکسیۆنەکەیان و کوتلەی وەزارییان لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت، "بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە رۆڵی خۆیان بینیوە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.