سۆران؛ ژنێک پێنج ساڵ لە ماڵەکەیدا و ئێستاش لە شێڵتەرێک سەگ بەخێودەکات

12-08-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
چەند سەگێکی بەرەڵا. وێنە: رووداو
چەند سەگێکی بەرەڵا. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سەگی بەرەڵا
A+ A-
 
رووداو - سۆران

ژنێک پێنج ساڵ لە ماڵەکەیدا و ئێستاش لە شێڵتەر سەگ بەخێو دەکات. خوناو محەممەد فەرمانبەری پەروەردەی سۆرانە، پێش کردنەوەی شێڵتەر، سەگە بەرەڵاکانی کۆدەکردەوە و خواردن و خواردنەوەی پێدەدان، ئێستاش زۆربەی سەگی ناو شێڵتەرەکە دەیناسنەوە.
 
خوناو محەممەد، فەرمانبەر دەڵێت "لەڕووی ئایینی و مرۆییەوە ویستوومە خزمەت بە سەگە بەرەڵاکان بکەم. پێش کردنەوەی ئەم شێڵتەرە دەگەڕام سەگی برسی و بریندارم دەهێنایەوە ماڵ و بەخێوم دەکردن، ئێستا ئەم شوێنە کراوەتەوە و لێرە رۆژانە چاودێریی سەگەکان دەکەم".
 
سەگە بەرەڵاکان ببوونە مایەی ترس لای بەشێک لە هاونیشتمانیان و زۆرجار بوونەتە مایەی پەلاماردانی خەڵکیش، ئەمەش وێڕای گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆیانەوە. بۆ کۆکردنەوەشیان لەلایەن قایمقامیەتی سۆرانەوە رووبەری دوو دۆنم زەوی تەلبەند کراوە و کراوەتە شەڵتەرێک بۆ سەگە بەرەڵاکان.
 
هەڵگورد شێخ نەجین، قایمقامی قەزای سۆران بە رووداوی راگەیاند "بینیمان سەگی بەرەڵا زۆرە، هەم خەڵکی ئازار دەدەن و هەم ژمارەیەکیش لە خەڵکی سەگەکانیان ئازار دەدا، بۆیە بیرمان لەم پرۆژەیە کردەوە و دەمانەوێت دیاردەی سەگی بەرەڵا لە سۆران بنبڕ بکەین".
 
سەرەڕای ژمارەیەک ئاژەڵدۆستی خۆبەخش، خزمەتگوزاریشیان بۆ بە کرێ گیراوە، رێگریکردن لە زیادبوونیان دەکرێت لە رێگەی دەرزی لێدان و نەشتەرگەری، چارەسەری ڤێتەرنەریشیان بۆ دەکرێت و بە دەرزیی ئەنتی بایۆتیک دەکوترێن.
 
ئیبراهیم خدر، ئاژەڵدۆست دەڵێت "ستافێکی خۆبەخش کار لە شێڵتەرەکە دەکەین، رێگری دەکەین لە زاوزێ و زۆربوونیان و سەگەکان دەکوترێن بۆئەوەی هیچ نەخۆشیی گواستراوەیان نەبێت".
 
نزیکەی هەفتەیەکە شێڵتەرەکە کراوەتەوە، تاوەکو ئێستا 30 سەگی لێیە، تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵاکان رۆژانە سەگ کۆدەکەنەوە و دەیهێننە شێڵتەرەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە