سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: ئەڵقەی پەیوەندیی گواستنەوەی چەک و تیرۆریستانمان لە سووریاوە بۆ عێراق دەستگیرکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، ئەڵقەی پەیوەندیی گواستنەوەی چەک و "تیرۆریستان"یان لە سووریاوە بۆ عێراق دەستگیر کردوە.
 
فەریق روکن سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی هەفتەی رابردوودا لەنێو خاکی سووریا، دوو داواکراوی مەترسیداریان دەستگیر کردووە کە وەک "ئەڵقەی پەیوەندی" بۆ گواستنەوەی چەک و "تیرۆریستان" بۆ سنوورەکانی عێراق کاریان کردووە.
 
بە گوتەی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە دوای 5 مانگ لە بەدواداچوونی ورد ئەنجامدراوە.
 
18-12-2025، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، بە هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دوو داواکراویان لەنێو خاکی سووریا دەستگیر کردووە.
 
یەکەکەی عێراق کە بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە، سەر بە شانەی هەڵۆکانی سەر بە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی وەزارەتی ناوخۆ بوو.
 
ئەو یەکەیە بە هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و پاڵپشتیی لۆجستیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دابەزینی ئاسمانییان بۆ سەر دوو ئامانج لەنێو خاکی سووریا ئەنجامدا کە دوو کەسی داواکراو بوون لەلایەن دادگەی عێراقەوە. ئەو دوو کەسە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستگیرکران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە