رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک گەنج لە قوشتەپە زیاتر لە 55 ملیۆن دیناریان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکردووەتەوە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێ، گەیاندنی هاوکارییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025، کۆتاییهاتنی کەمپەینی "گەنجانی خۆبەخش لە قایمقامییەتی قوشتەپە" راگەیێندرا کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ پێکهێنرابوو.
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''خەڵکی قەزاکە بەگشتی بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کرد و دوای تەواوبوونی هەڵمەتەکە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی دەربڕیوە بە رێکوپێکی هاوکارییەکان بگەیێنێتە چەمچەماڵ.''
هاوکات موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''گەیاندنی هاوکارییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی زیانلێکەوتووان بکەین.''
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا خرانەڕوو، لە 11 رۆژی هەڵمەتەکەدا، 54 ملیۆن و 500 هەزار دینار، هەزار و 111 دۆلار و هەروەها 10 لیرەی تورکی بە شێوەی کاش کۆکراوەتەوە.
جیا لە هاوکارییە نەختینەییەکان، 500 پاکێجی خۆراک و جلوبەرگ، 168بەتانی، 82 سۆپای کارەبایی و نەوتی، ژمارەیەکی زۆر لێفە، کۆمبار و سەرین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراونەتەوە.
جگە لەو کەمپەینە، چەندین کەمپەینی جیاواز لەلایەن رێکخراوەکانەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری راگەیێندرابوو.
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم، لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ