ئەم ساڵ 61 کەس لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستان دا خنکاون

11-08-2023
هێمن بابان رەحیم
شوێنێکی گەشتیاری شریتی سووری لێدراوە، وەکو ئاماژە بۆ ئەوەی کە مەلەکردن لەو شوێنە قەدەخەیە.
شوێنێکی گەشتیاری شریتی سووری لێدراوە، وەکو ئاماژە بۆ ئەوەی کە مەلەکردن لەو شوێنە قەدەخەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان 61 کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکاون، 27 لەو کەسانە لە ئاوەکانی پارێزگای هەولێر خنکان، دوای ئەوە دهۆک و ئینجا سلێمانی دێت، ئەوە لەکاتێکدایە ئەم ساڵ نزیکەی 5 ملیۆن گەشتیار و سەردانیکار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستانیان کردووە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت" رووداوەکانی خنکان زۆرن و هۆکارەکانیش زۆرن."
 
بەپێی ئامارەکانی  ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانییانەوە لە ئاودا خنکاون، زۆرترین خنکان لە ئاو لە پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دێن. 
 
لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 19یان لە پارێزگای دهۆک،  14یان لە پارێزگای سلێمانی بوون، لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس بووە.
 
سەبارەت نە ئیدارە سەربەخۆکانیش، لە ئیدارەی زاخۆ بە 9 کەس، لە سۆران 6 کەس و لە گەرمیان 2 کەس و لە ئیدارەی راپەڕینیش یەک کەس لە ئاودا خنکاوە.
 
بەوپێیە بێت، ئامارەکانی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان دەریدەخات لە ساڵی 2023دا زۆرترین خنکان لە پارێزگای هەولێر بووە کە رێژەی 44.2٪ـی کۆی خنکانەکان دەکات. دوای ئەو پارێزگای دهۆک 31.1 ٪ـی سلێمانی 22.9٪ و پارێزگای هەڵەبجەش 1.63٪ی ئاماری خنکانەکانی بەردەکەوێت.
 
"مەلە نازانن و دەچنە نێو ئاو"
 
بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 77 کەس لە ئاودا خنکابوون، لە ماوەی چوار ساڵیشدا واتە لە ساڵی 2018 بۆ 2022، 400 کەس لە ئاودا خنکاون و 250 کەسیش رزگار کراون.
 
رۆژی هەینی، 11-8-2023، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، لەبارەی رووداوەکانی خنکانەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جگە لەوەی رووداوەکانی خنکان بەبەراورد بە هەرێمی کوردستان وەکو رووبەری جوگرافی زۆرن، هۆکارەکانیش زۆرن، نەزانینی مەلە یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکان، زۆربەی ئەوانەی دەچنە نێو ئاو وەکو پێویست مەلە نازانن یان هەر نایزانن و ئەوەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە."
 
بەگوتەی سەرکەوت کاڕەش، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئاوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان ساردن و دەبێتە هۆکاری گرژبوونی ماسولکەکان و ئەوەش مەترسیدارە، جگە لەوە رێڕەوی ئاوەکان لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێن و شوێنەکان نادیارن واتە لێرە مەلە دەکەیت و لە دووری 500 مەتر خۆت دەبینیتەوە، ئەوە جگە لە هۆکاری نەشارەزایی جوگرافی، سەرباری ئەوانەش نەبوون و بەکارنەهێنانی کەرەستەکانی خۆپارێزی وەکو چووپ و چاویلکە و شتی دیکە کاریگەریی لەسەر زۆربوونی رووداوەکانی خنکان هەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رووبار هەن کە بەشێکیان لقی رووبارەکانی دیجلە و فوراتن و بەناو هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن و چەندین چەم و رێڕەوی ئاوی هەن، ئەوەش وایکردووە گەشتیاران بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی بکەن.
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە عێراق و وڵاتانی دیکە و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستانیان کردووە.
 
رۆژی هەینی، 10-8-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەبارەی زۆربوونی رووداوەکانی خنکان و راسپاردەکانی ئەوان و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکی خنکان بریتییە لە پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەکارنەهێنانی کەرەستەی خۆپارێزی."
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەدا بۆ رێگری لە رووداوەکانی خنکان، چەند وەزارەت و فەرمانگە و دەستەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکیان داڕشتووە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بکرێت لەوبارەیەوە، بەشێک لە راسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی ئەو لایەنانە بەر دەستەی گەشتوگوزار دەکەوێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە لای خۆمانەوە کارمانکردووە بۆ ئەوەی لەمەودوا شوێنە گەشتیارییەکان، ئەو شوێنانەی ئاویان لێ نزیکە دەبێت کەلووپەلی تایبەت بە مەلەکردن و کەلووپەلی تایبەت بە رزگاردنیشیان تێدا هەبێت و ، جگە لە دانانی  تابلۆی ئاگادارکردنەوە کە لەو شوێنە ئاو هەیە، بەتایبەت ئەمە بۆ ئەو شوێنانەیە کە لە پێشوودا رووداوی خنکانییان تێدا تۆمار کراوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.