رووداو دیجیتاڵ
یەکلاکردنەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر راپۆرتێک ماوە لەبارەی داهات و خەرجی کە بڕیارە بدرێتە وەزیری دارایی فیدراڵ بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە داهاتە نانەوتییەی کە رادەستی بەغدا دەکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ تیمێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵی راپۆرتێک بداتە تەیف سامی، وەزیری دارایی لەبارەی وردبینى لە تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کە داهات و خەرجییەکانی تێدایە بۆ مانگی نیسانی 2026.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند: دوای ئەو راپۆرتە یەکلایی دەبێتەوە کە حکومەتی فیدراڵی داوای چەند لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ مانگی نیسان کە رادەست بکرێت.
یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رادەستکردنى داهاتی نانەوتییە.
جگە لە مانگی ئادار کە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل داهاتی نانەوتی کەم بووەتەوە، لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کردووە.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، مانگی نیسان بەراورد بە مانگی ئادار، داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، بەڵام ناگاتە 120 ملیار دینار و پێشبینی دەکرێت کەمتر لە 80 ملیار دینار رادەست بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی رایگەیاند، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت و دوای ئەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ