نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی خێزانە هەژارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ناونووسین دەستپێدەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ئەزموونیی (تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی گشتگیر)ـی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی 3200 خێزانی هەژار و پەنابەرە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، پڕۆژەکە سەرەتا لە دهۆکەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتگیریی هەریەک لە (UNHCR)، یونیسێف و بانکی جیهانی جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژە ئەزموونییەکە هاوکاریی دارایی پێشکێشی 3200 خێزانی هەژار دەکات، 600 خێزانیان پەنابەرن، ئەوەش بۆ ماوەی 12 مانگ تاوەکو یارمەتیدەریان بێت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی وەزارەتی پلاندان، دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە و زۆرترین ئاوارەش لەو پارێزگایەن، بۆیە هاوکاری 3200 خێزان لەو پارێزگایە دەکرێت".
 
لە راگەیێنراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، "ناو تۆمارکردن بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت هاوکارییەکە وەربگرن تاوەکو 28ـی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، خێزانەکان دەتوانن لە دهۆک سەردانی ئەو سەنتەرانە بکەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێن، دواتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، خێزانە شایستەکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی هەژاری هەڵدەبژێرن و بڕیارە دابەشکردنی هاوکارییە دارایییەکان لە ناوەراستی ساڵی 2026 دەستپێبکات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆمەڵایەتی گوتی: "پڕۆژەکە ئەزموونییە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، دواتر پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
 
بۆ بڕی پارەکەش ئاریان ئەحمەد گوتی: "بڕەکە دیاری نەکراوە، بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزان و دۆخ و گوزەرانیان بڕی پارەکە دیاری دەکرێت".
 
ئیمانوێل سالیناس مونیۆز، نوێنەری تایبەتی بانکی جیهانی لە عێراق رایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی پڕواتایە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەمکردنەوەی هەژاری، چونکە بۆ یەکەمجارە هاوکاریی نەختیی ئاراستەکراو بۆ هەژاران دەهێنێتە هەرێمەکە". ئاماژەی بەوەش کرد سیستمێکی زانیاریی بەڕێوەبردن دادەمەزرێنرێت بۆ گەیاندنی کاریگەری هاوکارییەکان، دەکرێت لە داهاتوودا پشتگیری لە بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش بکات.
 
تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2015وە لە هەرێمی کوردستان کارا نەبوون. ئێستا بە هاوکاریی تەکنیکیی بانکی جیهانی و پاڵپشتیی دارایی حکومەتی هۆڵەندا (وەک بەشێک لە هاوبەشیی PROSPECTS)، وەزارەتی کار کار دەکات بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی ئەم تۆڕە، هاوکات یونیسێف سیستمەکەی بە جۆرێک بەهێز کردووە لە بەرژەوەندیی منداڵاندا بێت و (UNHCR)یش کار بۆ تێکەڵکردنی پەنابەران لەناو سیستمەکەدا دەکات.
 
تۆبی هاروارد، نوێنەری (UNHCR) لە عێراق دەڵێت: "تێکەڵکردنی پەنابەران لەناو سیستمە نیشتمانییەکان چارەسەرێکی بەردەوامە، ئێمە دڵخۆشین بەم هاوبەشییە لەسەر ئاستی ناوچەکە یەکەمینە و هیواخوازین سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی
فراوانبوونی بۆ هەموو عێراق".
 
کریستیان سکوگ، نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە باشترکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پشتگیری لە مافەکانی منداڵان بکات و وەڵامدەرەوەی تەنگژەکان بێت، هەروەها رێگە دەدات توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر تیشک بخەنە سەر پاراستنی کاریگەری منداڵان".
 
ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە پشتگیرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی عێراق لە چوارچێوەی پلانی 2025-2029، بە ئامانجی بونیاتنانی سیستمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ لە 75%ی سزای نشینگە بۆ بیانییەکان خۆشدەبێت

وەزارەتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ ئەو بیانییانە دەرکرد کە بە فەرمی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کێشەی نشینگەیان هەیە؛ بەپێی بڕیارەکە تەنیا 25%ی سزاکانیان لێ وەردەگیرێت