رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە سنووری بازنەی 1ی پارێزگای هەولێر بڵاودەکاتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتووە، پارتی هەر چوار کورسییەکەی سنووری سۆرانی بردووەتەوە.
بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2021 لەمیانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 09:00 رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لە سەرچاوە جیاجیاکانەوە و بەتایبەتیش لە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکانەوە وەرگیراون، لە بازنەی 1ی هەڵبژاردنی هەولێر کە سنووری سۆران دەگرێتەوە و 4 کورسیی هەیە، 3 بەربژێری پیاو و بەربژێرێكی ژن کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، نەهرۆ مەحموود یەکەم بووە و زیاتر لە 40 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، محەممەد سدیق دووەم بووە و زیاتر لە 37 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، سیپان شێروانی سێیەم بووە و نزیکەی 34 هەزار دەنگی بردووەتەوە، هەروەها فەیسەڵ کەریم خان چوارەم بووە و زیاتر لە 24 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بەو پێیەی دەبێت لە شوێنی براوەی چوارەم (فەیسەل کەریم خان) کە پیاوە و دەبێت ژنێک لە شوێنی ئەو وەکو کۆتا سەربکەوێت، بەربژێرێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە جوان عەبدوڵڵایە و 13 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لە شوێنی فەیسەڵ کەریم خان دەچێتە پەرلەمانی عێراق.
هاوکات سەرپەرشتیاری کۆمیسیۆن لە سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک نە لەلایەن پارتە سیاسییەکان و نە لەلایەن چاودێرەکانەوە تۆمارنەکراوە و ئەمڕۆش دەرگا واڵایە بۆ تۆمارکردنی تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
لەم هەڵبژاردنەدا لە بازنەی 1ی پارێزگای هەولێر نزیکەی 250 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەبوو؛ بۆ بردنەوەی ئەو 4 کورسییەش 9 بەربژێر لە کێبڕکێدا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ