رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی قۆرییەی شاری کەرکووک، بەشێک لە خانوویەکی کۆن داڕووخا؛ بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 22 ساڵ گیانی لەدەستدا و چوار منداڵی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
فاتیمە ئەحمەد، پووری یەکێک لە بریندارەکان کە خۆی لە ساتی رووداوەکە لەوێ بووە، دەڵێت: "لە نێو ئۆتۆمبێلدا بووین و دەچووین بۆ هێنانی بووک، کاتێک دیوارەکە بەسەرماندا رووخا. خەڵک منیان دەرهێنا، تەنیا بینیم کچێک گیانی لەدەستدا؛ خۆزگە من بمردایەم و ئەو نەمردایە."
سەباح عومەر، کە دووکاندارێکی شوێنی رووداوەکەیە، دەربارەی تەمەنی خانووەکە دەڵێت: "ئەم خانووە تەمەنی نزیکەی 75 بۆ 100 ساڵ دەبێت. کاتێک رووخا زیانی بە دووکانەکانیش گەیاند؛ لە ئەنجامدا کچێکی بێباوک گیانی لەدەستدا و چەند منداڵێکیش بریندار بوون."
ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە چڕی بەدوای منداڵێکدا دەگەڕێن کە لە ساتی رووداوەکەوە بێسەروشوێنە و هیچ سۆراخێکی نییە.
عیسام خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کەرکووک رایگەیاند: "ئاگادارکراینەوە لە داڕووخانی خانوویەک، دەستبەجێ تەواوی تیمەکانمان هێنایە شوێنی رووداوەکە و ئێستا سەرقاڵی کارکردنن. پێدەچێت یەکێک لە منداڵەکان لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا مابێت، چونکە تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە."
بەپێی دوایین ئامارەکان، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کچێک و برینداربوونی 4 منداڵ. بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کراون و باری تەندروستییان ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ