وەزارەتی نەوتی عێراق: لە دوا قۆناخی نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووکداین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لە ماوەیەکی کورتدا هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی (کەرکووک - پێشابوور - تورکیا) دەستپێدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی لە دوایین قۆناخی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی بۆرییەکەدان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، توانای بۆرییەکە دەگاتە ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. 
 
رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەکانی تاقیکردنەوەی هایدرۆستاتیکی بۆ بۆریی نەوتی کەرکووک - پێشابوور بەرەو تورکیا بەرەو کۆتایی دەچن و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە. لە سەرەتادا بڕی هەناردەکراو نزیکەی 600 هەزار بەرمیل دەبێت."
 
تاقیکردنەوەی هایدرۆستاتیکی رێگەیەکی ئەندازیاریی پێشوەختەیە بۆ دڵنیابوون لە تووندوتۆڵی و سەلامەتیی بۆری، کە تێیدا بۆرییەکە بە تەواوی بە ئاو پڕ دەکرێ و پەستانەکەی بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لە باری کارکردنی ئاسایی بەرز دەکرێتەوە تاوەکو هەر کێشەیەکی دزەکردن یان خاڵێکی لاوازی تێدا بێت دەربکەوێ.  بەگوێرەی وەزارەتی نەوت، ئەو پشکنینە وەک مەرجێکی سەرەکییە پێش رەوانەکردنی نەوت لە هێڵەکەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێکی تەقین یان لێچوونی نەوت بگیرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردنی نەوتی رەش لە رێگەی تانکەرەکانەوە بۆ سووریا بەردەوامە، "بەڵام کاراکردنەوەی بۆریی تورکیا وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت، چونکە توانای هەناردەکردنی ئەو هێڵە دەگاتە ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیل."
 
بۆریەکە لە کاتی شەڕی داعشدا زیانی بەرکەوت و هەناردەکردن لە رێگەیەوە راگیراوە.
 
لەبارەی دابەشکردنی گازی شل و دابینکردنی پێویستیی نێوخۆیی، ساحب بەزوون گوتی: "دەست دەکەین بە دابەشکردنی گازی شل بەسەر خاوەن چێشتخانە و کافێ و پیشەوەراندا."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە لە سبەی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان، لە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە لە بەغدا بنکەی تایبەت دیاریکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

کەشناسی ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری بڵاوکردەوە؛ "ئەم شەپۆلەی باران کۆتایی هات"

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین باران لە قەزای چۆمان باریوە لە پارێزگای هەولێر، کە 57 ملیمەترە. راشیگەیاند، "ئەم شەپۆلەی باران کۆتایی هات."