بەڵگەفیلمی (ئۆکراینا: سێ ساڵ شەڕ)ی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی وێبی بردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی وێبیی ساڵی 2026ـی بردەوە. ئەمە دووەم جارە رووداو ئەو خەڵاتە بەنرخە دەباتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21-04-2026 بەڵگەفیلمی (ئۆکراینا: سێ ساڵ شەڕ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، خەڵاتی (دەنگی خەڵک)ـی دامەزراوەی وێبیی ئەمریکی بۆ ساڵی 2026 بردەوە.
 
رووداو هاوشانی دامەزراوە میدیاییە ناسراوەکانی جیهان، وەک ئەی بی سی نیووزی ئەمریکی، بی بی سی بەریتانی، واشنتن پۆستی ئەمریکی، جەزیرەی ئینگلیزیی قەتەری، سی ئێن ئێنی ئەمریکی، ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی و سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی، رکابەری لەسەر خەڵاتەکە کرد.
 
بەڵگەفیلمەکەی رووداو هاوشانی بەرنامەی (60 خولەک)ـی تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی خەڵاتی وێبی لە بەشی (ڤیدیۆ، فیلم، هەواڵ و سیاسەت) بەدەستهێنا. لە هەمان بەش، بەرهەمی هەریەک لە تۆڕەکانی ئەی بی سی نیووز، جەزیرەی ئینگلیزی و ئێن بی سی نیوز بەربژێر بوون.
 
لەم بەرهەمەدا دڵنیا رەحمانی پەیامنێری و ئەحمەد عومەری کامێرامانی رووداو، دەچنەوە بەرەکانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و چیرۆکی خەڵکی ئاوارە و وێرانکارییەکانی جەنگ دەگێڕنەوە.
 
بەڵگەفیلمەکە لەلایەن شکار کەمال، کاری مۆنتاژ و بڕوا عومەر، کاری رەنگی بۆ کراوە.
 
نیک بۆرنشتاین، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتی وێبی، رۆژی 2-4-2026 بە بۆنەی بەربژێرکردنی بەڵگەفیلمەکەوە پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "پیرۆزە! کارەکەتان وەک یەکێک لە باشترینەکانی پۆلەکەی خۆی لەنێو 13 هەزار بەرهەم هەڵبژێردرا."
 
وەشانی خەڵاتەکانی ئەم ساڵ، کە بڕیارە رۆژی 11-05-2026 دابەش بکرێن، ساڵیادی 30 ساڵەی دامەزراندنی وێبی دەگێڕێت. 
 
بەشێک لەو دامەزراوە و کەسانەی هاوشانی رووداو خەڵاتەکەیان بردوەتەوە بریتین لە مۆدێلی کلۆدی کۆمپانیای ئەنترۆپیک؛ مۆدێلی جێمینای 3ـی گووگڵ؛ کۆمپانیای ئەپڵ؛ کۆمپانیای سپۆتیفای؛ ئاژانسی ناسا؛ خزمەتگوزاریی پەیپاڵ و ئێن بی سی نیووز.
 
خەڵاتی وێبی لە ساڵی 1996 دامەزراوە و بەرزترین رێزلێنانە لە بواری داهێنانی دیجیتاڵیدا. براوەکان لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان و دەنگی خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. بی بی سی وەک یەکێک لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان باسی وێبی دەکات. نیویۆرک تایمزیش وەک بەرزترین رێزلێنان لە چوارچێوەی بەرهەمەکانی نێو ئینتەرنێت دایدەنێت.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2024 بووە یەکەم دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە خەڵاتی وێبی بەدەستهێنا، هەروەها دووەم دامەزراوە بوو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

کەشناسی ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری بڵاوکردەوە؛ "ئەم شەپۆلەی باران کۆتایی هات"

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین باران لە قەزای چۆمان باریوە لە پارێزگای هەولێر، کە 57 ملیمەترە. راشیگەیاند، "ئەم شەپۆلەی باران کۆتایی هات."