رووداو دیجیتاڵ
بەروارد بە هەفتەی رابردوو داهاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی چوار ملیار دینار کەمی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 5-10-2024 تاوەکو ئەمڕۆ هەینی، 11-10-2024، واتە لە ماوەی هەفتەیەکدا 8 ملیار و 510 ملیۆن و 869 هەزار دینار بووە. ئەم داهاتانە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی چوار ملیار دینار کەمی کردووە، واتە بە رێژەی 35.81٪.
داهاتی هەفتەی رابردوو سنوورەکە 13 ملیار و 258 ملیۆن و 892 هەزار و 935 دینار بووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ی بەرزکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ