رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی دەنگدانیدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، رایگەیاند: "بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان "ئەرکێکی نیشتمانییە" بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
پارێزگاری دهۆک لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دەنگی دا، داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە
گشتی و گەنجان بەتایبەتی، بەشدارییەکی فراوان لە پرۆسەکەدا بکەن.
عەلی تەتەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ماف و دەستکەوتانەی ئێستا هەن، بە "خوێنی هەزاران شەهید" بەدەستهاتوون و پێویستە لە رێگەی دەنگدانەوە بپارێزرێن. هەروەها هۆشداری دا و گوتی: "هەر مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دروست بێت، سەرچاوەکەی لە بەغدا و پەرلەمانی عێراقەوەیە"، بۆیە بە پێویستی زانی کە نوێنەری بەهێزی کورد لە بەغدا هەبێت بۆ بەرگریکردن لەم دەستکەوتانە.
پارێزگاری دهۆک داوایەکی تایبەتی ئاراستەی گەنجان و ئەو کەسانە کرد کە تازە تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ و بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان هەیە، داوای لێکردن کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەو ئەرکە نیشتمانییە جێبەجێ بکەن کە وەک ویژدانێک لەسەر شانیانە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان.
سەبارەت بە هاتنی لە کاتێکی زوودا بۆ بنکەی دەنگدان، پارێزگار روونیکردەوە کە وەکو نەریتێک، پێش کردنەوەی بنکەکان لەگەڵ خێزانەکەی ئامادە دەبێت. گوتیشی: "هاتنی زوو هەم بۆ ئەوەیە کە جەنجاڵی دروست نەبێت و هەم ئەگەر هەر کێشەیەکی تەکنیکی، وەک کارنەکردنی پەنجەمۆر، هەبێت، لە سەرەتادا چارەسەر بکرێت".
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چوار ساڵدا تەنیا دوو هەڵبژاردنی لەم شێوەیە هەیە و تەرخانکردنی کاژێرێک بۆ بەشداریکردن، کارێکی گەورە نییە لەپێناو پاراستنی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ