داواکاریی گشتی: سکاڵا لە دژی فەرمانگە کەمتەرخەمەکانی خەبات دەجوڵێنین

11-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی داواکاری گشتیی خەبات لەگەڵ ئەندامی داواکاری گشتی لە جێگرایەتی خەبات کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردراوە بە جوڵاندنی سکاڵا لە دژی ئەو فەرمانگانەی کە کەمتەرخەمن لە بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.
 
رۆژی 11-12-2023، دادوەر کاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەفرین یاسین حوسێن، ئەندامی داواکاری گشتی لە جێگرایەتی خەبات کۆبووەوە.
 
قەزای خەبات، سەر بە پارێزگەی هەولێرە، قەزاکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای ھەولێر لەسەر رێگای ھەولێر - موسڵ. جگە لە ناحیەی خەبات کە ناوەندی قەزاکەیە، هەر یەک لە ناحیەکانی دارەشەکران، کەورگۆسک و رزگاری سەر بەو قەزایەن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی یەکەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، لە کۆبوونەوەکە باسی کێشە و گرفتەکانی قەزای خەبات کراوە، جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی ئەوانەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی دەکەن، کراوە.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە "بڕیاردرا بە جوڵاندنی سکاڵا لە دژی فەرمانگەکانی میری کە کەمتەرخەمن لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە