شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوودانی دووپات لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە

11-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و هەردوولا باسیان لە گرنگی هاوئاهەنگی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ  چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە11-12-2023، بە ئامادەبوونی بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، پێشوازی لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنی، دارایی و ئابووری، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا.
 
هەر لە دیدارەکەدا "دووپات لە گرنگی زیاترکردنی هاوئاهەنگی نێوان ناوەند و هەرێم کرایەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، یاسای پاراستن بەرهەم بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی وڵات و گەل بەدی بێت". 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەم مانگە شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. 
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان، کە جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەستیپێکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە لەسەر ئەو پرسانە لەنێوان هەردوولادا هەن. 
 
رۆژی سێشەممە 07-11-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە هەریەک لە دەروازەکانی پشتە، سەیرانبەن، تەوێڵە، کێلێ، سەرزێڕ، فیشخاپوور و زێت بکرێنە فەرمی.
 
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێراندان کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرن؛ هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک تەنیا دەروازەی وشکایی فەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیشە لەگەڵ تورکیادا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."