رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا وەزیرانی پلادانانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەکاریی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان تاوتوێ دەکەن، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەی کاری هاوبەشن بۆ ئەوەی سەرژمێری بەپێی پێوەری جیهانیی بەڕێوەبچێت.
محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023، پێشوازی لە دارا رەشید، وەزیری پلادانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پلادانانی عێراق، لە دیدارەکەدا رێکار و ئامادەکاریی هاوبەش تاوتوێکرا بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق گوتی، "سەرژمێری پرۆژەیەکی گەشەپێدانی گرنگە، دوورە لە هەر بابەتێکی سیاسی، کاری لەپێشینەی حکومەتە بۆ ئەوەی باشترین دۆخ فەراهەم بکات تاوەکو سەرژمێری لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت، دوای چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی ساڵانی رابردوو کە ئاستەنگیان لەبەردەم جێبەجێکردنی دروستکردبوو".
لای خۆیەوە، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەنگاو و رێکارەکانی وەزارەتی پلادانانی عێراق کرد، دووپاتیکردەوە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ کاری هاوبەش لەپێناو گەرەنتی سەرخستنی سەرژمێری بەپێی پێوەری جیهانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ