لە سلێمانی بڕیاری داخستنی ئارایشتگە، سەرتاشخانە و بەشێک لە شوێنە گشتییەکان درا

12-03-2020
گۆڤەند مستەفا
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان لە قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان لە قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی
A+ A-
رووداو - سلێمانی

قایمقامی سلێمانی بڕیاری داخستنی ئارایشتگە و سەرتاشخانەکانی دا و شەقامی سەهۆڵەکە، چایخانەی شەعب و چایخانەی کولتووری سەرا لە سلێمانی دادەخرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-03-2020، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە سەرپەرشی پارێزگار، قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگاکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار وەکو گرتنەبەری رێوشوێن بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکران.
 
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان لە قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگاکەدا کە لیژنە هاوبەشەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
 
هەموو ئەو شوێنانەشی کە رێنمایی نوێیان بۆ دەرچووە پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاووڵاتیان، هەر شوێنێکیش پابەندنەبێت رێککاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دەقی بڕیارەکان
 
- داخستنی سەرجەم ئارایشتگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تاوەکو کاتێکی نادیار.
 
- سەرجەم سەرتاشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کارەکانیان رادەگیرێت تاوەکو کاتێکی نادیار.
 
- رێنمایی پێویست بۆ چایەخانەکان و شوێنە گشتییەکان و کاری بەشێکی زۆری چایەخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی رادەگیرێت.
 
- جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار کە گرنگترینیان داخستنی سەرجەم کافتریاکان و هاوینەهەوارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ داخستنی سەرجەم چێشتخانەکان کە ئەستێرەی یەک و دوویان هەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
- ئەو شوێنانەی کە خواردنی خێرای لێ ئامادە دەکرێت، رێگە نادرێت هاووڵاتیان لەنێو ئەو خواردنگە خێرایانە دابنیشن، تەنها دەبێت خواردن بە سەفەری بفرۆشن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە