رووداو دیجیتاڵ
بەفر لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەبارێ و لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس و مووش رێگەی 147 گوند و ئاوایی گیراوە.
گەورەشارەوانیی وان، ئەمرۆ یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026 بڵاویکردەوە، بەهۆی بەفرەوە رێگەی 18 گوند و 32 ئاوایی لە پارێزگاکە گیراوە. تیمەکان بۆ لابردنی بەفر و کردنەوەی ئەو 50 رێگەیە لە کاردان.
دوای دەستپێکردنی بەفربارین لە کاتەکانی بەیانیدا لە شاری بەدلیس، سەنتەری شار سپیپۆش بوو. تیمەکانی رێگەوبان و شارەوانیش دەستیان بە راماڵینی بەفرەکە کرد.
ئومیت کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رێگەوبان و گواستنەوەی کارگێڕیی بەدلیس رایگەیاند، بەهۆی بەفرەوە رێگەی 82 گوند و ئاوایی سەر بە پارێزگای بەدلیس گیراوە و کارکردن بۆ کردنەوەیان بەردەوامە.
هاوکات شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی کارگێڕیی تایبەتی مووش رایگەیاند، لە پارێزگاکە بەهۆی بەفرەوە رێگەی 15 گوند گیراوە.
لە پارێزگای جۆلەمێرگیش بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی دوو رۆژە بەردەوامە، لە نزیک گوندی ئاکچاڵ، رێگەی سەرەکیی جۆلەمێرگ-وان داڕما. بەیانی ئەمڕۆش لە پارێزگاکە بەفربارین دەستی پێکرد.
بەفربارین لە پارێزگای قەرس گرفتی بۆ هاتووچۆ دروستکرد. لە شاری قەرس سێ رۆژە بەفربارین بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی قەرس-ئەرزەڕوومیش لە نزیک گوندی کاراکورت سەر بە شارۆچکەی قامووشان، ژمارەیەک بارهەڵگر لە رێگەدا گیریان خوارد.
لە پارێزگای ئەردەخانیش بەفر باری. شاری ئەردەخان بەهۆی بەفربارینەوە سپیپۆشی بوو و لە رێگەوبانەکانی پارێزگاکەش ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ