کوردستان
مامۆستایەک لەنێو پۆلی قوتابخانەیەکی سنووری سلێمانی وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ زیاتر لە 40 رۆژ قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داخران، ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی قوتابخانەکان و 200 هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕانەوە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەرگای نزیکەی 7 هەزار قوتابخانە بەڕووی نزیکەی ملیۆنێک و 794 هەزار قوتابیدا کرانەوە."
جگە لە حەوت هەزار قوتابخانە، لە هەرێمی کوردستان 20 زانکۆ و پەیمانگەی حکومی، 18 زانکۆ و 35 پەیمانگەی تایبەت هەن.
بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەوروبەری 200 هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەی حکومی و تایبەتە هەن و ئەمڕۆ دەوامیان دەستپێدەکاتەوە."
لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. 29ی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێ و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
هەینی 10ی نیسان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە رایانگەیاند، "یەکشەممە 12ـی نیسان، دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەنێو پۆل و کەمپەسەکان دەستپێدەکاتەوە."
چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەش بنەمای سەرەکی دەستپێکردنەوەی دەوام بوو لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ