رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، کادیر و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون و پاڵپشتیی خۆیان بۆ پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی راگەیاند. فازڵ میرانی جگە لە دەربڕینی پاڵپشتی بۆ پەیامەکە گوتیشی، "پەیوەندی بە هەموو پارتەکان و برادەرانی یەكێتی دەکەین."
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو بە رووداوی راگەیاند، ئامادەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە و "دەرگامان واڵایە و پەیوەندیش بە هەموو پارتەکان و برادەرانی یەكێتی دەکەین."
هاوکات هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "خەڵکی کوردستان شایەتیی ئەوە دەدەن کە دوێنێ لە بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی گرنگدا لە بارزان-ی مەڵبەندی کوردایەتی، سەرۆک بارزانی وەکو مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ تەبایی و یەکڕیزی و دانیشتن و گفتوگۆ. داواشی لە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد، کۆبوونەوەی هەردوولا بکرێت. ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بە دڵخۆشی و بە دڵگەرمییەوە بۆ پشتیوانیی بانگەوازی جەنابی سەرۆک، بەدەم بانگەوازییەکەوە هاتووین. هەروەها راگەیێندراوێکیان راگەیاندووە کە ئامادەییمان هەیە."
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی هیوا گەیلانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئومێدەوارین لەم ماوەیەدا کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیی هەردوولا بکرێت و چارەسەری هەموو گرفتەکان بکرێت. لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا، پێش 18ی مانگ کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیی هەردوولا ئەنجام دەدرێت ئیشەڵڵا."
هاوکات، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، لەدوای بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و پارتی دیموکراتی کوردستانیش "کار بۆ ئەوە دەکەن کۆبوونەوەی تێكڕای هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکرێت و بەرنامەیەکی هاوبەش دابڕێژین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ئەو قۆناخە هەستیارەدا بێت کە ئێستا هەیە. پێموایە بانگەوازی جەنابی سەرۆک بانگەوازێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی گرنگ بوو. ئەرکی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانە بە پێی ئەو بانگەوازەوە بێن و زەمینە خۆشبکرێت بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد لە کوردستان دا."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەكێکی دیکە بوو لەوانەی لە یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا ئامادە بوو. لەبارەی یادگەکەوە گوتی، "بەشێکە لە مێژووی پڕ سەروەریی ئێمە وەکو گەلی کوردستان و ئەو رابەر و سیمبولە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو شوێنانەش دەبنە بەشێک لە شوێنی ئەوە ئەوەی کە هەر شاندێکی بیانی، تەنانەت قوتابییانی زانکۆ و خەڵکی گەشتیار کە دێن، دەبێتە جێگەیەک بۆ ئەوان."
هاوکات باسی لەوەش کرد، مەلا مستەفا بارزانی "تاوەکو لە ژیاندا بوو، هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانیی خەڵکی کوردستان. لەدوای نەمانیشی، مێژووەکەی، کلتوورەکەی، فەرهەنگی ئەو، تێڕوانینەکانی ئەو بۆ مرۆڤایەتی، وەکو ئەو پڕنسیپانەی کە دوێنێ جەنابی سەرۆک باسی لێوەکردن، بارزانیبوون بریتی نییە لە عەشیرەتێک، بریتییە لە مەنهەجێک، لە هزرێک، لە تێڕوانینێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و مرۆیی. ئەو یادگەیەش دەبێتە بەشێکی گەورە لە خزمەت گەیاندن بە سنووری پارێزگای هەولێر لەوەی کە خەڵکی بیانی کە کاتێک سەردانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکەن، سەردانی ئێرەش بکەن."
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پێمانوایە نمایشکردنی تێکۆشان و خەباتی 100 ساڵەی دەڤەری بارزان و تێکڕای کوردستان وەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموو ئەوانەی لەپێناو نیشتمان خەباتیان کردووە، ئەمڕۆ بەرهەمەکەیان هاتووەتە دی."
لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، بڵند ئیسماعیل بە رووداوی گوت، "هیوادارین بە زووترین کات کۆببنەوە. بێگومان ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی لەلایەن زۆربەی لایەنەکانیشەوە پێشوازیی لێ دەکرێت." سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆیدا گوتی، "هیچ بەربەستێک بۆ ئەوە نییە. تەنیا ئەوە ماوە لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەكێتی و پەرلەمانیش کۆمیسیۆن کارا بکاتەوە و یاساکە هەموار بکاتەوە."
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە دەڵێت، پەیامەکە بۆ لایەنە عێراقییەکان، بۆ دۆخی هەرێم و بەغدا و بۆ ئەو دۆخە سیاسییەی کە لە نێوخۆ هەیە "هەنگاوێکی گرنگ بوو." پێیشی وایە زەمینەیەکی باش و لەبار و ئامادەیی لایەنە سیاسییەکانیش هەیە بۆ کۆبوونەوەیان.
لەبارەی کاتی کۆبوونەوەکەش ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی گوتی، لە چەند رۆژی نزیکدا کۆبوونەوەکان دەکرێن و "لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکان دەبن." لەبارەی ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردنیش، گوتی، "دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و دوانەکەوێت، چونکە بە پێچەوانەوە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیار. دۆستەکانیشمان هانمان دەدەن" بۆئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی گوتی، "رێکارەکانی پەرلەمانی دەگرینەبەر بۆئەوەی بتوانین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەوانەی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن،" بۆئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، بتوانن بەر لە 18ی ئایار کۆمەڵێک هەنگاو بنێن تاوەکو لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە وەکو رۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ یەكێتی، زانا مەلا خالید ئەوەی خستەڕوو، "پێموایە دەتوانین بەسەر هەموو گرفتەکاندا زاڵ ببین و لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەسەر هەموو پرسێک رێکبکەوین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ