رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان رایگەیاند، هەرچەندە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە، بەڵام "لەو باوەڕەدا نیم وا بە زوویی بارەگاکانی چۆڵ بکات."
ئەمڕۆ دووشەممە، 12.05.2025، حەیدەر شەشۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرچەندە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە، هێشتا لە بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە سنووری شنگال ماون و لەو باوەڕەدا نیم وا بە زوویی بارەگاکانی چۆڵ بکات."
لەبارەی دۆخی ئەمنی سنووری شنگالیشەوە گوتی: دۆخەکە پەیوەستە بە دۆخی سیاسییەوە، لەم ماوەیە کە دۆخی سیاسی جێگیرە، لەڕووی ئەمنیشەوە شنگال جێگیرە و بۆردوومان و شەڕ نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و گوتی، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە."
ئەو بڕیارەی پەکەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قۆناخەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسە ئاشتییە بەتەواوی دیار نین کە سەرەتاکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دووشەممە پەکەکە قۆناخێکی سەرەکی لە پرۆسەکەی بردەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ