رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن دیموکراسی (دەڤا) دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رایگەیاند، پێویستە هەموو ئەندامانی پەکەکە بەبێ جیاوازی و وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی تایبەتی لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "کۆتاییهاتنی تیرۆر و تووندوتیژی تەنیا خزمەت بە تورکیا ناکات، بگرە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە."
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن دیموکراسی رایگەیاند، "چاوەڕێ دەکەین هەموو ئەندامانی تیرۆر، بەبێ جیاوازی و بێ گوێدانە وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ و بە شێوەیەک کە هیچ گومانێک دروست نەکات، بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن."
باباجان ئاماژەی بە مەترسییەکانی پرۆسەکە کرد و رایگەیاند، "دەبێت زۆر وریابین لە کۆی هەموو مەترسییەکان، بە تایبەتی ئەو مەترسییانەی کە لە سووریاوە سەرچاوە دەگرن، دژی هەموو ئەو هەوڵانەی ئاژاوە و دووبەرەکیی دەخەنە نێو یەکگرتوویی و تەباییمان کە هەزار ساڵە لەسەر ئەم خاکە بوونی هەیە و هەزاران ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت."
عەلی باباجان ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا لەبەردەم تورکیادا دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ماف و ئازادی هەموو هاووڵاتییان زیندوو بکرێتەوە."
هەروەها نووسیویەتی، "ئێمە وەکو پارتی دەڤا، هەڵوێستمان روونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەما و ژێرخانی سیاسەتی دیموکراسییانەی رەوا و گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەتێکی یاسایی کە پشتی بە مافەکانی مرۆڤ بەستبێت."
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، دیوانی سەرۆکایەتیی 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە فەرمی راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ