رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی کورد دەڵێت، قۆناخەکانی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پێویستی بە کاتە، "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکان تێیدا بەشدار بن و لیژنەیەک پێکبهێندرێت، بۆئەوەی بزانرێت چارەنووسی ئەو کەسانە دوای چەکدانان چی دەبێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025 فایەق گوڵپی، سیاسەتڤانی کورد لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، "چاوەڕوانکراو بوو پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بدات."
پەکەکە ئەمڕۆ ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت."
فایەق گوڵپی لەبارەی قۆناخی دوای راگەیێندراوەکە گوتی، "ئەوان دەڵێن کۆتاییمان بە خەباتی پەکەکە هێنا، لەوانەیە لە دەم پارتیدا (نموونە) خەبات بکەن یان رێکخراوێکی دیکە دروست بکەن."
سەبارەت بەو ئەندام و بەرپرسانەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لەلایەن تورکیاوە "خەڵات بۆ دەستگیرکردن و لەنێوبردنیان" دانراوە، ئەو سیاسەتڤانە گوتی، "دەبێت یاسای دژە تیرۆر هەموار بکرێتەوە، ئەوانە کەوتوونەتە نێو مادەکانی یاسای دژەتیرۆری تورکیا."
"چەکدانان کاتی پێویستە"
بە گوتەی فایەق گوڵپی، چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە کاتی پێویستە و دەبێت هێز و لایەنی دیکە بەشداریی تێدا بکەن، "ئێستا بەردەنگی کۆنگرەکەی پەکەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسایە. دەبێت وردەکاری بۆ پرسەکە بکرێت و لیژنەی بۆ پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەدوای چەکدانان ئەو کەسانە چییان لێ بەسەر دێت."
وەک ئەو سایەستڤانە دەڵێت، کەسایەتییە سیاسییەکان، کۆمەڵگە و خەڵکی بێلایەن لە باکووری کوردستان بەگشتی حەز بە چەکدانانی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەکەن، "ناڕەزاییەتییەکان لە چەکدانانی پارتەکە، لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوەیە و لە باکوورەوە نییە."
چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟
فایەق گوڵپی باسی لە چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە و یاسای مافی هیوا کرد بۆ ئازادکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و گوتی، "ئەگەر یاسای مافی هیوا دەربکرێت بۆ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەوانەیە بۆ نموونە ببێتە رێبەری دەم پارتی، هەروەها ئەگەر یاسای دژە تیرۆر هەموار بکرێتەوە، لەوانەیە جەمیل بایک و موراد قەرەیلان بتوانن پۆستێکی سیاسی وەربگرن، وەک کەسایەتییەک خەبات بکەن یان خۆیان رێکخراێکی نوێ دروست بکەن."
پەکەکە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا داوا لە پەرلەمان دەکات رۆڵی هەبێت لە پرسی چارەسەریی ئاشتیدا. هاوکات عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر."
فایەق گوڵپی گوتی، "گوتەبێژی ئاکپارتی ئەو هەڵوێستەی پیشان داوە، ئەو پڕۆسەیەی پێ باشە، دەبێت ئەوە بزانین کە پەرلەمان و حکومەتی تورکیاش لەلایەن ئاکپارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، زۆرینەوەی پەرلەمان ئاکپارتییە و لەگەڵ دەم پارتی و مەهەپە دەتوانن لە پەرلەمان پشتگیریی پڕۆسەکە بکەن."
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو کات لە پەرلەمان دەتوانن ئەو یاسایانەی دژی دیموکراسی، کورد و پەکەکەن، هەروەها یاسای دژە تیرۆر و مافی هیوا، کاریان لەسەر بکرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە."
فایەق گوڵپی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا جەختی لە گۆڕینی دەستوور کردەوە و گوتی، "پێشتر ئەو دەستوورە دژی کورد بوو، بەڵام کوردی باکوور دەتوانن لەمەودوا ئەو دەستوور و یاسایە بە سوودی خۆیان بەکاربهێنن."
"چەکدانانی پەکەکە قۆناخی یەکەمە"
ئەو سیاسەتڤانە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەزانێت لە باکووری کوردستان و دەڵێت، "هەنگاوی دووەم ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا، گەلی تورکیا، حیزبەکان، پەرلەمان و سوپای تورکیا هەڵوێستیان چی دەبێت. ئەگەر وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبێت، پڕۆسەکە بە باشی بەرەوپێشەوە دەچێت."
فایەق گوڵپی ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، گۆڕینی گوتارەکان، بە هەندێک لەو هەنگاوانە دەزانێت کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆسەی ئاشتی پێویستن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "دواتر پێویستە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانیش لە داهاتوودا بکرێن کە خۆیان لە دەستووری تورکیادا دەبیننەوە."
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانە، پێویستە دەستووری تورکیا بە شێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە هەموو پێکهاتەکانی تورکیا خۆیانی تێدا ببیننەوە، نەوەک تەنیا تورک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ