سێ ناوچەی باشووری کوردستان بەربژێرن بۆ "باشترین گوندی گەشتیاری"ی جیهانی

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ ناوچەی باشووری کوردستان بەربژێر دەکرێن بۆ رکابەری لەسەر ناسناوی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهانی، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لەلایەن رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
سێشەممە 12ی ئایاری 2026 عەلی یاسین، بەڕێوەبەری گشتی و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حەوت ناوچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکەن بۆ ئەوەی رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشتوگوزار بکرێن، تاوەکو ببنە بەربژێر و رکابەری بکەن لە چوارچێوەی دەسپێشخەریی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا و سێ لەو گوندانە لە هەرێمی کوردستانن."
 
عەلی یاسین رایگەیاند، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە: بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هرور لە سنووری پارێزگای دهۆک و رواندز لە سنووری پارێزگای هەولێر.
 
ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری عێراق پێیوایە، ئەو هەنگاوە کاریگەریى دەبێت لەسەر بووژاندنەوەى کەرتی گەشتیارى لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
دەستنیشانکردنی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهان لە سەرەتای ساڵی 2027 و لەلایەن ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری گەشتیارییەوە بڕیاری لێ دەدرێت.
 
عەلی یاسین رایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسیەی ئەو گوندانەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دۆسیەکانیان لەلایەن لیژنەیەکی تەکنیکییەوە ئامادە دەکرێت و رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، کە لەنێو ناوچە بەربژێرکراوەکانى 160 وڵات یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.
 
ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ناوەکانیان پێشکێش دەکرێت بریتین لە: گوندی مێرگی لە نەینەوا، عەین تەمر لە کەربەلا، ئەلبو سوبات لە زیقار و گوندێکی شاری کوت لە پارێزگای واست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە