رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵای ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دژی بڕگەیەکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ دانانی داهاتی نەوتی کوردستان کۆببێتەوە؛ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "پەسندکردنی یاسای بودجە هیچ بەهایەکی بۆ سکاڵایە نەهێشتەوە و رەتدەکرێتەوە."
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارە رۆژی سێشەممە 13-6-2023، دادگەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەکی عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دژی رەزامەندیدانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دانانی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە.
سکاڵاکار داوای کردووە یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە تایبەتە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە (Citibank) کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقە، بە "نادەستووری" هەژماربکرێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە رۆژی دووشەممە، 12ـی حوزەیران پەسندکرا، ئەو هەژمارە بانکییە لە بانکی ناوەندییەوە دەبێت.
سکاڵاکە لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەلی عەلاق، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی؛ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. پەرلەمانتارەکە تانەی لە نووسراوی رەزامەندیی دەربڕینی بانکی ناوەندیی عێراق داوە لەسەر کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شەوی دووشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2023 بە رووداوی گوت: "ئەو سكاڵایە هەڵوەشاوەتەوە، چونکە پەرلەمان بڕیاری دا داهاتەکانی نەوتی کوردستان و لە هەژمارێکی بانکی بێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەو پێیە ئەو سکاڵایە هیچ پاساوێکی نەماوە و ئەگەر دادگە کۆببێتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی سکاڵاکە و رەتکردەوەی دەبێت."
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 14ـی یاسای بودجەی عێراق: "داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەک هەژماری بانکی کە وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە، هەڵدەگیرێن، کە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکان دادەخرێن."
رۆژی سێشەممە 04-04-2023 بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کرد، بەڵام تائێستا هەناردەکردنەکە دەستی پێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ