سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات

12-07-2023
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فه‌رميدا كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌، 2023/7/10، به‌ واژۆى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه كۆمیسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
 
له‌ نووسراوه‌كه‌ی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره‌ (90) له‌ 2023/3/26، بڕيار دراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى 2023/11/18 به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیە داوای كردووه‌ كۆميسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رێکەوتەدا يان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ 2023/12/18.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە کە دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
 
دڵشاد شەهاب بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.
 
دوای دوو مانگ لە دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
 
ئەو بڕیارەی دادگە دوای ئەوە هات کە رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
 
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە. 
 
دوای ئەوەش هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە نووسراوێک ئاگاداری ئەنجوومەنی دادوەری، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردەوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکراوەتەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، دوای ئەوەش رۆژی 23-05-2023 بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە. 
 
بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق هەموو ئەو کارانەی پەرلەمانی بە نایاسایی ناوبرد کە لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنییەوە دەریکردوون، بەوەش دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە