رووداو دیجیتاڵ
بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)، کە لە نووسینی سەرۆک مەسعود بارزانییە، بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12-07-2023، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، بەمزووانە چاپی یەكەمی نوێترین كتێبی سەرۆک مەسعود بارزانی (بەرگی شەشەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لەژێر ناونیشانی (كوردستان و عێراقی نوێ، 2003-2016) بە زمانی كوردی دەكەوێتە بەردەستی خوێنەرانەوە.
كتێبەکە لە 1234 لاپەڕە و دوو بەرگ و 14 بەشی جیا پێكهاتووە. سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی، بارەگای بارزانی دەڵێت: "باسی قۆناخێكی هەرە گرنگی مێژووی نوێی كوردستان و پێشهاتەكانی مێژوویەكی سێزدە ساڵە دەكات. ئاماژە بە بارودۆخی كوردستان و عێراق لەو ماوە گرنگە دەكات و بە وردی باس لەو زنجیرە رووداو و بەسەرهاتانە دەكات كە ژیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقی بردووەتە قۆناخێكی تازە."
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا سەرۆک بارزانی باس لە "شەڕی رزگاریی عێراق و رووخانی رژێم و دەستپێكی رۆڵی كوردستان لە عێراقی تازە و قۆناخی مەجلسی حوكم و قۆناخی ئینتیقالی و نووسینەوەی دەستووری تازەی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی عێراق و ململانێیەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەورەها پێشێلكاریی دەستوور و دەیان رووداوی گرنگی تری عێراق لەو كتێبەدا باس كراوە."
هەر بەپێی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا بە "وردی باسی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان و هەڵبژاردنەكان و رووداوە گرنگەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان لەو ساڵانە دەكات."
لە دوایین بەشی كتێبەكەیدا سەرۆک بارزانی، "باسی شەڕی داعش و قارەمانێتیی پێشمەرگە و بەرگریی گەلی كوردستان لە بەرامبەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش هەتا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دەکات."
كتێبی بەرگی شەشەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد 94 بەڵگەنامەی گرنگی مێژوویی و سیاسیی تێدایە، كە پەیوەستن بە رووداوە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی 2003 هەتا 2016، "هەروەها ژمارەیەكی زۆر وێنەی مێژوویی و نەخشەی شەڕەكانی هێزی پێشمەرگە لەدژی تیرۆریستانی داعش تێدایە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ کتێبەکەی سەرۆک بارزانی بۆ 16ی ئابی ئەمساڵ کە رۆژی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بڵاودەکرێتەوە.
بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)، کە 832 لاپەڕە بوو، لە 16ی ئابی 2022 لە ژێر ناونیشانی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان 1991-2002) بڵاوکرایەوە.
پێشتریش چوار بەرگی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بڵاوکراوەتەوە ، کە هەر بەرگێک باس لە قۆناخێکی مێژووی خەباتی چەکداری و سیاسیی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ